پاشنیوەڕۆی دوێنێ شەممە 18 بەفرانبار (7ی ژانویە)، 3 ئۆتۆمبێلی دوژمن لە گوندی " عەتشانە" وە لە ڕۆژاوای کەرکووک، بە ئاراستەی سەنگەرەکانی هێزی پێشەوای پارتی ئازادیی کوردستان لە زنجیرە چیای باتێوە، جووڵەیان کرد. بە گەیشتنی ئۆتۆمبێلەکانی دوژمن بە خاڵێکی دیاریکراو، لە لایان ڕۆڵە چاونەترسەکانی ڕۆژهەڵاتەوە لێیاندرا.
شەوی ڕابردوو جووڵەی دوژمن و هاوکات جووڵەی یەکەکانی پێشمەرگە لە زەوییەکانی نێوان هەر دوو لادا، بەردەوام بوو. هەر چەندە هێزە بەزیوەکانی داعش نەیانتوانی ڕاستەوخۆ هیچ ئامانجێک بپێکن بەڵام لە گەڵ هەموو وریاییەک لە لایان پێشمەرگەکانەوە، لە بەرە بەیاندا دەستیان گەیشتبووە دوو لە ڕێگاکانی هاتوو چۆی ناوچەی عەمەلیاتەکە و وەک پیشەی ترسەنۆکانەیان، پاش TNT ڕێژ کردنیان ڕایانکرد بوو.
تیمی ئەندازەی سەربازیی PAK توانی بەشێک لە TNT یەکان پووچەڵ بکاتەوە، بەڵام بە داخێکی زۆرەوە لە ئاکامی تەقینەوەی یەکێ لە TNT ییەکان، هەڤاڵان:"محەمەد مەعروفپوور" ناسراو بە " هاوکار"، پێشمەرگەی بەوەج و لێهاتووی 2 ساڵ جەنگ و بەرگریی لە سەنگەرەکانی ڕۆژاوای کەرکووک، کوڕی جوامێری شاری مەریوان و "ئیسماعیل خزری" ناسراو بە "ساکۆ" ڕۆڵەی سەنگەرەکانی شەرەف و شانازیی کوردایەتی، کوڕی بە هەڵوێستی شاری سەقز ؛ گیانیان لە ڕێگای پاراستنی نیشتمان و هەڵتەکاندنی سنوورە دەسکردەکان و سەربەخۆیی و یەکگرتنەوەی کوردستاندا، بەخت کرد.
هەروەها، هەڤاڵێکی پێشمەرگە بریندار بوو کە بە خێرایی گەێندرایە نەخۆشخانە و ئێستا لە ژێر چارەسەرییدایە.
هەر چەندە گیانبەختکردنی ئەو هەڤاڵانە و هەڤاڵانی بەر لەوان بە ئێش و ئازارە و برینی شەهیدانی کاروانی خەبات و تێکۆشانی 25 ساڵەمان لە دژی داعشی ئێرانی و داعشی بەغدادی دەکولێنێتەوە؛ بەڵام ڕۆڵەکانی ئەم قوتابخانەیە، قوتابخانەی نەبەرد و کۆڵنەدان و نەبەزین، بە شەهید بوونی ڕۆڵەکانی نیشتمانی لە خوێنگەوزاو و هەڤاڵانی ڕێی خەباتیان، ئیرادەیان بۆ ڕادانی دوا سەربازی داگیرکەر لە سەر ئەم خاکە و هەڵکردنی ئاڵای ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان، بە هێزتر دەبێ.
شکاوە بێ ئاڵای ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان
سڵاو لە شەهیدانی کورد و کوردستان
پارتی ئازادیی کوردستان PAK
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە
19ی بەفرانباری 2716
08-01-2017