چەند کاتژمێرێکی کەمی ماوە و جیهان پێدەنێتە ساڵێکی نوێوە و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگ و مەراسیمی تایبەت بەو ساتەش لەکوردستان دەکرێت، سەرۆکی کۆمەڵەی هونەری میللی کوردستان ڕایدەگەیەنێت “هەر گۆرانیبێژێکی ئافرەتی عەرەب کە بێتە هەرێمی کوردستان بۆ ئاهەنگگێڕان بە 50000 دۆلار کەمتر نایەت، ئەمە جگە لەخەرجیەکانی مانەوە و خزمەتکردنی مانەوەی”.
ئا: شۆڕش محەمەد
شەوی سوری بەرپرسەکان
جەزای ساز سەرۆکی کۆمەڵەی هونەری میللی کوردستان بەئاوێنەی ڕاگەیاند هەندێک لەبەرپرسو دەوڵەمەندەکانی کورد گۆرانیبێژی بەناوبانگ بەنهێنی و دور لەچاوی کامێراکان دەهێنن و لەناو باخەکانیان و شەوە ئاهەنگ ڕێکدەخەن و بە 50000 دۆلار شەوی سور ڕێکدەخەن بۆ خۆیان.
وتیشی”چەندین جار قاسم سوڵتان و یاس خزر و چەندین گۆرانیبێژی عەرەبی تر بۆ ئەو ئاهەنگانە هێنراون”.
قەیرانی داراییش کاریگەری نەبوە
سەناریا عوسمان بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لەئۆتێل ڕۆیاڵ لەشاری هەولێر لەبارەی شەوەئاهەنگی سەری ساڵی ئۆتێلەکەیان بەئاوێنەی ڕاگەیاند”هونەرمەند عەمار کوفیمان دەستنیشان کردوە بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە و داواکارییەکی زۆری لەسەر بو”.
وتیشی “نەک لەناو شاری هەولێر بەڵکو لەشارەکانی سلێمانی و کەرکووک و عێراقەوە شوێنیان گرتوە و ئامادەی ئاهەنگەکە دەبن”.
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو گۆرانیبێژە بەهەردو زمانی کوردی و عەرەبی گۆرانی دەڵێت و هەواداری زۆری هەیە و خەڵک خۆشیان دەوێت.
جەغتی لەسەر ئەوە کردەوە کە هۆڵەکەیان نزیکەی 300 کەس لەخۆدەگرێت و ئاهەنگەکەشیان خێزانییە.
وتیشی “رێژەیەکی زۆری بلیتی ئاهەنگەکەمان فرۆشتوە و پێشبینی دەکەین تائەو شەوە سەرجەمی بلیتەکان بفرۆشین”.
لەبارەی نرخەکانیشیان بۆ بەشداربون لەئاهەنگەکە وتی “ئەو شەوە بۆفیەی کراوە دەبێت و ڤی پی ئای بە 130 دۆلار دەبێت بۆ یەک کەس و نۆرماڵەکانیش نەفەری بە100 دۆلار دەبێت”.
سەناریا ڕەتیکردەوە کە قەیرانی دارایی کاریگەری هەبوبێت لەسەر چالاکییەکانیان و وتی “هەمو چالاکیەکانمان خەڵکێکی زۆر ئامادەی دەبێت و ئاهەنگەکان بەخۆشی دەڕوات و کاریگەری نەبوە لەسەر بەشداربونی ئاهەنگەکانمان”.
هونەری میللی خۆبەخش و بێ بەرامبەرە
هاوکات لەشاری سلێمانی بەپێی وتەی سەرۆکی کۆمەڵەی هونەری میللی کوردستان هونەرمەندانی میللی خۆبەخشانە و بێبەرامبەر ئاهەنگێک ئەنجامدەدەن و لەوبارەیەوە جەزا کەریم ناسراو بەجەزای ساز سەرۆکی کۆمەڵەکە وتی “وەکو هونەرمەندانی میللی لەقاوەخانەی کەلتوری فەرمانبەران ئاهەنگێکی گۆرانی و موزیکی میللی ڕەسەنی کوردی پێشکەش دەکەین”.
وتیشی”هەریەک لەهونەرمەندی میللی شیروان عەبدوڵا و کاروان شارەوانی و لوقمان سەلیم و زۆرێکی تر بەشداری تیادا دەکەن”.
ئەو ڕەخنەی لەدەسەڵاتدارانی سلێمانی گرت کە لایڤ موزیکیان لەکافتریاکان قەدەغەکردوە و وتی”هەمو ئامانجەکەیان ئەوە بوە کە تەنها ئاهەنگەکان لەڕێستورانت و ئۆتێلە پێنج ئەستێرەکاندا پێشکەش بکرێت کە لەبری ئەوەی خزمەت بەکەلتور و هونەری کوردی بکەن پڕی دەکەن لەسەماکار و گۆرانیبێژی عەرەب و تورک و بیانی”.
وتیشی “ئەوەش خزمەت بەنەتەوەی کورد و خەڵکی ئەم شارە ناکات”.
“زۆر بەداخەوە دەسەڵاتدارانی ئێمە پشتگیری ئەو شوێنانە و ئەو سەرمایەدارانە دەکەن و بازرگانیکردنەکەیان لەهەمو شتێکی تر بەلاوە گرنگترە”جەزای ساز وای وت.
ئەو گلەییشی لەوە کرد کە نادادپەروەری دەکرێت و ڕێگە بەئۆتێل و ڕێستورانتەکان دەدرێت ئاهەنگ ئەنجام بدەن بەڵام ڕێگە بەکافتریاکان نادرێت ئاهەنگ ئەنجام بدەن. وتیشی “دیارە بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ ئەو ئۆتێل و ڕێستۆرانتانە هاوبەشن”.
رۆڵا لەرامادای سلێمانی دەبێت
عەبدولرەحمان عەبدوڵا بەڕێوەبەری مارکێتینی ئۆتێل ڕامادا ئاماژە بەوە دەدات کە لەشەوی سەری ساڵدا ئاهەنگێک ئەنجامدەدەن کە ڕۆڵا سەعد خانمە گۆرانیبێژی بەناوبانگی لوبنانی و گۆرانیبێژی کورد قاسم هەورامی، بەشداری تیادا دەکەن”.
وتیشی”لەهۆڵێکدا ئاهەنگەکە دەکرێت کە نزیکەی 450 کەس دەگرێت و زۆربەی بلیتەکانیش فرۆشراون”.
لەبارەی نرخی بەشداربون وتی “نرخەکان بەپێی شوێنەکان جیاوازە لە200 دۆلارەوە دەستپێدەکات تا 100 دۆلار بۆ یەک کەس”.
ئەو ڕەتیکردەوە کە بڕی ئەو پارەیە ئاشکرا بکات کە دەدرێتە ڕۆڵا سەعد.
ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوانەی ئامادەی ئاهەنگەکە دەبن خەڵکانی سیاسەتمەدار و بازرگان و فەرمانبەری کەرتی تایبەتیان تێدایە.
جەغتیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە داهاتی ئاهەنگەکەی ئەو شەوە خەرجییەکانی هێنانی ئەو هونەرمەندە لوبنانییە و هونەرمەندەکانی تریش دەردەهێنێتەوە.
های کریست دو ئاهەنگ لەشەوێکدا
های کریست لەو شەوەدا دو ئاهەنگ ئەنجام دەدات و لەئێستاوە بلیتی ئاهەنگێکیان تەواوبوە، لەوبارەیەوە بەناز فوئاد لەبەشی مارکێتینی ئۆتێل های کریست لەسلێمانی وتی “ئێمە دو ئاهەنگ سازدەکەین، ئاهەنگێکیان بە بەشداری سەنگەر کەمال و کچێکی تورک بەناوی هەزان ئاتەش و تکتی بەشداریکردن لەم ئاهەنگەدا بۆ هەر کەسێک 50 دۆلارە”.
وتیشی “ئاهەنگەکەی تریش بە بەشداری بەختیار ساڵح و سالار مەحمود و لیمۆ هەورامی و ئاگرین. ڤی ئای پی بە 100 دۆلار و نۆرماڵیش بە 75 دۆلارە”.
ئەو ئاماژەی بەوەدا کە خەڵک زۆر بەباشی پێشوازی لەم دو ئاهەنگە کردوە و ئاهەنگێکیان قەپات بوە و داواکارییان هەیە بۆ ئامادەبون و بەهۆی پڕبونەوەی شوێنەکە ناتوانن تکتی تر ببڕن.
جەغتیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەردو هۆڵی ئاهەنگەکەیان نزیکەی 600 کەس دەگرێت.
رەتیشیکردەوە قەیرانی دارایی کاریگەری هەبوبێت لەسەر ئاهەنگەکانیان و وتی”پێموا نییە قەیران کاریگەری هەبێت لەسەر شەوی سەری ساڵ”.
سەرمایەدارێکی سیاسی کورد لەلوبنان ئاهەنگ بۆ کچەکەی ڕێکدەخات
ئاوێنە لەپەیوەندیکردنی بەکۆمپانیایەکی تایبەت بەرێکخستنی ئاهەنگەکان کە پێی باش بو ناوی نەهێنرێت باسی لەوە کرد کە هەندێک لەسیاسی و سەرمایەدارانی کورد بۆئەوەی لەکوردستان چاوی میدیایان نەگاتێ ئاهەنگ و بۆنە تایبەتەکانیان دەبەنە دەرەوەی هەرێم و وتی “ماوەیەک لەمەوبەر لەشاری سلێمانییەوە گۆرانیبێژێکی میللی و موزیکژەنێکی کورد براوە بۆ وڵاتی لوبنان بۆ ئەنجامدانی جەژنی لەدایکبونی منداڵی سەرمایەدارێکی کوردی شاری سلێمانی و لەوێش گروپی موزیک و گۆرانی بێژی عەرەبیش لەئاهەنگەکەدا بون و گۆرانیان وتوە”.
ئەو خاوەن ئاهەنگەکەی بەسەرمایەدارێکی سیاسی ناوبرد.
31-12-2016