دواڕۆژ، ئارام سەعید
پسپۆڕێکی کەرتی نەوت و گاز ئاشکرایدەکات، لە ئەگەری پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە کەمکردنەوەی ڕێژەی 4.5%، کۆی گشتی هەناردەی نەوت کە بڕەکەی 24 هەزار و 295 بەرمیل نەوتە، ئەوا کوردستان مانگانە 16 ملیۆن و 196هەزار و 850 دۆلار زیانی بەردەکەوێت.
جەبار لوعەیبی، وەزیری نەوتی عێراق، لەکۆڕبەندی ئەنجومەنی وزەی جیهانی ئەتڵەنتیک کە یەکشەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پابەندە بە کەمکردنەوەی هەناردەی ئەو بڕەی لەڕێککەوتنەکەدا بۆی دیاریکراوە، گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بۆ ڕێکخستنی بەشی هەرێم لە کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت".
بەپێی ڕێککەوتنەکەی ئۆپیک کە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو بەرێوەچوو 14 وڵاتەکەی ئۆپیک بڕیاریاندا بڕی 1.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە کەمبکەنەوە و بەوەش کۆی ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی ئەو وڵاتانە کەم دەبێتەوە بۆ 32.5 ملیۆن بەرمیل، پشکی عێراق لەو کەمکردنەوەیە 210 هەزار بەرمیل نەوتە.
لوعەیبی ئاماژەشی بەوەکرد، لەئێستادا عێراق 170 هەزار بەرمیل نەوتی کەمکردوەتەوە و پێش کۆتایی ئەم مانگەش 40 هەزار بەرمیلی دیکەش کەم دەکەنەوە کە دەکاتە ڕێژەی لەسەدا 4.5ی کۆی گشتی بەرهەمەکەی.
جگەر عەزیز، پسپۆڕی کەرتی نەوت و گاز بەدواڕۆژی ڕاگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو کە دواین داتایە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاویکردوەتەوە هاتووە، ڕۆژانە 539.895 بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، بۆیە لە ئەگەری مامەڵەکردنی هەرێمی کوردستان وەک وڵاتێک و پابەندکردنی بە کەمکردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوت بە ڕێژەی 4.5%، واتە پێویستە لە کۆی گشتیی هەناردەی نەوت 24 هەزار و 295 بەرمیل نەوت کەم بکاتەوە.
ئەو پسپۆڕەی کەرتی نەوت ئاماژە بەوەدەکات، ئەگەر بەهای نەوت لە بۆرسەکانی جیهان بە 55 دۆلار بمێنێتەوە، کوردستان نەوتەکەی بە 10 دۆلار کەمتر لە بازاڕی جیهانی بفرۆشێت وەک پێشتر بەرپرسانی حکومەت ئاماژەیان بۆ کردووە، بە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە کەمکردنەوەی ڕێژەی 4.5%، کۆی گشتیی هەناردەی نەوت کە بڕەکەی 24 هەزار و 295 بەرمیل نەوتە، ئەوە کوردستان مانگانە 16 ملیۆن و 196هەزار و 850 دۆلار زیانی بەردەکەوێت.
- 17-01-2017