دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند، لە ساڵی 2016دا سێ ملیۆن و 996 هەزار و 54 کەس سەردانی نەخۆشخانە حکومیەکانی هەولێریان کردوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ی کانونی دووەمی 2017 لەژێر دروشمی (پایتەخت مێژووی مرۆڤایەتی و خزمەتگوزاری لەشەڕی جیهانی تیرۆردا) کۆنفرانسی شیکردنەوەی ساڵانەی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ساڵی 2016 ئەنجامدا و تیایدا ئاماری کار و چالاکیەکان و خەرجیەکان بۆ ساڵی 2016 خرانەڕوو.
سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند، داهاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر 8 ملیار و 48 ملیۆن و 875 هەزار و 750 دینار بووە لەکاتێکدا خەرجیەکان بۆ ساڵی 2016، 138 ملیار و 128 ملیۆن و 220 هەزار و 900 دینار بووە.
سەبارەت بە هاتنی ئاوارەکانی ئۆپەراسیۆنی موسڵ و بریندارانی مەدەنی سامان بەرزنجی ڕونیکردەوە، لەئێستادا نەخۆشخانەکانی هەولێر بەهۆی زۆری نەخۆشی ئاوارە و بریندارانی سوپای عێراق لە ژێر گوشارێکی زۆردان و کەمی دەرمان و پێداویستی پزیشکی کێشەی بۆ دروستکردوون و داواشی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کرد هاوکاریان بن بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە.
بەپێی ئه و ئامارانەی لە کۆنفرانسەکەدا خرانەڕوو، لە نەخۆشخانەکانە حکومیەکانی هەولێر لە ساڵی 2016دا هەشتا و هەشت هەزار و 974 نەشتەرگەری ئەنجامدراوە لەکاتێکدا لە ساڵی 2015 حەفتا و دوو هەزار و 661 نەشتەرگەری بووە.
هەروەک لە ساڵی 2015 چوار ملیۆن و 231 هەزار و 425 کەس سەردانی نەخۆشخانەکانی سنوری پارێزگای هەولێری کردوە، بەڵام لە ساڵی 2016 ڕێژەکە کەم بۆتەوە بۆ سێ ملیۆن و 996 هەزار و 54 کەس.