دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
لە ماوەی 3 ساڵدا 130 کەس بە لێبوردنی تایبەت ئازادکراون و وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتەکەیان بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران کار بۆ ئەوە دەکەن چەند پێوەرێک دابنرێت بۆ لێبوردنی تایبەت لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئه و ئامارانەی دەست دواڕۆژ کەوتوون بە پشتبەستن بە بڕگەی شەشەم لە ماددەی دەیەمی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەموارکراو لە ساڵی 2014ەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2016، بە لێبوردنی تایبەت 130 بەندکراو لە زیندانییەکانی هەرێمی کوردستان ئازادکراون.
د.محەمەد هاودیانی، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "وەزارەتەکەمان بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران کار لەسەر ئەوە دەکەن کە چەند پێوەریک دابنرێت بۆ لێبوردنی تایبەت لە هەرێمی کوردستان ئەگەر هاتوو بڕیاری لەسەر درا".
وەزیری کاروکاروبای کۆمەڵایەتی، ئەوەشی خستەڕوو، لەماوەی ڕابردوودا لیژنەیەکیان پێکهێناوە بەمەبەستی دانانی پێوەری تایبەت بۆ لێبوردنی گشتی و ئه و کەسانەش شارەزا و تایبەتمەندی ئەو بوارەن، بۆ ئەوەی دواتر کەس ڕەخنە نەگرێت و بتوانرێت لەرووی یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە دادپەروەرانە تیادا ڕەنگ بداتەوە.
محەمەد ئیلخانی، پەرلەمانتاری پارتی گەشەپێدانی تورکمان و ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایشی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ نیازێک نییە بۆ دەرکردنی لێبوردنی گشتی، چونکە لێبوردنی گشتی لەدەسەڵاتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە و ئێستا پەرلەمان پەکخراوە.
ئه و پەرلەمانتارە، ڕاشیگەیاند، لێبوردنی گشتی بۆ زیندانییەکان لەدەسەڵاتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە و تەنها چەند لێبوردنێکی تایبەت هەیە لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمە و بەلێبوردنی گشتی هەژمار ناکرێت.
سۆران عومەر سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ دواڕۆژ، ئەوەدەخاتەڕوو، تاوەکو ئێستا بەکارهێنانی ئه و دەسەڵاتە بۆ دەرکردنی فەرمانی لێبوردنی تایبەت بەپێی یاسا نییە.
سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ، ڕوونیشیکردەوە، ئه و یاسایەی کە پێویستە دەربچێت بۆ دانانی پێوەر بۆ ڕێکخستنی لێبوردنی تایبەت له پەرلەمانی کوردستان دەرنەچووە.
وتیشی "لە ساڵی 2005ەوە، سەدان کەس بەبێ هەبوونی یاسا بۆ لێبوردنی تایبەت ئازادکراون.
بەپێی بڕگەی شەشەمی ماددەی دەیەمی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی هەموارکراو، هاتووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له دەسەڵاتیدایە لێبوردنی تایبەت بۆ بەندکراوان بەپێی یاسا دەربکات.