خەندان- دانا تەیب مەنمی
تێکڕای هەناردەی نەوتی خاوی هەرێم لەم مانگەدا بە نزیکەیی بریتیە لە 540 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا، ئەوەش بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز کەپشتی بەستووە بە داتاکانی هەناردەکردنی نەوتی خاو.
ئەوە لەکاتێکدایە هێشتا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داتاکانی هەناردە و داهاتی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، ئەم مانگەی ئاشکرانەکردووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا هەناردەی نەوتی خاوی هەرێم بریتی بووە لە 587 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا.
بەبەراوردکردنی داتاکانی ئەم مانگە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی پار ڕەنگە هەناردەی نەوتی خاوی هەرێم لەمانگەدا گۆڕانکارییەکی کەمی بەسەردا بێت.
سەبارەت بە هەناردەی کێڵگەکانی باشوری عیراق، ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە داتاکانی بارکردنی نەوتی خاو لەگەڵ سەرچاوەیەکی کەرتی وزەی عیراقەوە ئاشکرایکردووە، هەناردەی نەوتی باشوور لە بەندەرەکانی باشوورەوە لەم مانگەدا کەمیکردووە، کە ئەوەش ئاماژەیەکە بۆئەوەی عیراق پابەندە بەرێکەوتنەکەی لەگەڵ ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان.
ڕونیشیکردۆتەوە لە 16 ڕۆژی یەکەمی ئەم مانگەدا تێکڕای هەناردەی نەوتی باشووری عیراق بریتی بووە لە 3.25 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئه و ژمارەیەش بەبەراورد لەگەڵ داتاکانی هەناردەکردنی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی پاری عیراق کەمتربۆتەوە، بەڵام بەوتەی پسپۆڕان هێشتا ئەم داتایە نزیکە لە ژمارەیەکی پێوانەیی هەناردەکردن.
عیراق پێشتر ڕایگەیاندووە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی پاردا ڕۆژانە 3.51 ملیۆن بەرمیل نەوت لە باشووری عیراقەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە و ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە.
کۆتایی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپیک، گەیشتنە ڕێکەوتن لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوەش یەکەمین ڕێکەوتنی له و شێوەیەی ئه و وڵاتانەیە لەدوای ساڵی 2008ەوە.
بەپێی ڕێکەوتنەکە 14 وڵاتەکەی ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپیک 1.2 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە کەم دەکەنەوه و بەوەش کۆی ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی ئه و وڵاتانە کەمدەبێتەوە بۆ 32.5 ملیۆن بەرمیل.
عێراق کە دووەمین گەورەترین بەرهەمهێنی نەوتی خاوە لەڕێکخراوی ئۆپیک-دا دوای سعودییە، بەڵێنی داوە کە ڕۆژانە 210 هەزار بەرمیل کەم بکاتەوە، ئەوەش دەکاتە ڕێژەی لەسەدا 4.5ی کۆی گشتی بەرهەمەکەی.
جەبار لوعەیبی، وەزیری نەوتی عێراق، ڕۆژی 15ی ئەم مانگە ڕایگەیاند گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بۆ ڕێکخستنی بەشی هەرێم لە کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت بەپێی ڕێکەوتنەکەی وڵاتانی ڕێکخراوی ئۆپیک.
ئه و وتانەی وەزیری نەوتی عێراق، جەبار لوعەیبی لەمیانەی وتارێکیدا هات لەکۆڕبەندی ئەنجومەنی وزەی جیهانی ئەتڵەنتیک کە لەشاری ئەبوزەبی ئیمارات بەبەشداری وەزیرانی نەوتی وڵاتە سەرەکییەکانی ڕێکخراوی ئۆپیک بەڕێوەچوو.
لوعەیبی لە وتەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد کە لەئێستادا عێراق 170 هەزار بەرمیل نەوتی کەمکردوەتەوه و پێش کۆتایی ئەم مانگەش 40 هەزار بەرمیلی دیکەش کەم دەکەنەوە.
- 18-01-2017