سەرۆکی هەنارده و هاوردەکارانی کوردستان ڕایگەیاند، لەساڵی ڕابردوودا هەرێم هەندێک کاڵاو بەرهەمی ڕەوانەی هەشت وڵات کردووە، جەختیشیکردەوە قەیرانی دارایی کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان وڵاتاندا.
ئه و وتانەی مستەفا حەمەرەحیم سەرۆکی هەنارده و هاوردەکارانی کوردستان لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هات کەئەمڕۆ پێنجشەممە، لەشاری سلێمانی ئەنجامیدا تایبەت بەئامارو چالاکیەکانی ساڵی 2016.
مستەفا حەمەرەحیم ئاماژەی بەوەکرد، قەیرانی دارایی کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانیکردن لەنێوان وڵاتاندا، بەڵام سەرەڕایی ئەوەش ساڵی ڕابردوو دوو هەزار و 873 مۆڵەتی هاوردەکردن دراوە بەکۆمپانیاکان بەبڕی پێنج ترلیۆن و 551 ملیار دینار، هەروەها لەرێگەی مەرزەکانەوە 89 مۆڵەتی هەناردەکردن دراوە.
بەپێی ئامارەکانی هەنارده و هاوردەکارانی کوردستان لەساڵی ڕابردوودا، بەرهەمەکانی هەنگوین و هەنارو گەنم و برنج و فستق و مریشک و جوجکی یەک ڕۆژه و خورماو مس وکۆکراوەی خاشاک و پێسته و موی بزن و لاستیکی هاڕاو نانی تیری و گەزۆ ڕەوانەوەی دەرەوە کراون، کەهەندێکیان لەرێگەی بەشداریکردن لەمەراسیمە نێودەوڵەتیەکانەوە بووە.
بەوتەی سەرۆکی هەنارده و هاوردەکارانی کوردستان ئه و بەرهەمانەی هەرێم بۆ وڵاتانی سودان و دوبەی و ئێران و تورکیا و ئەفعانستان و پاکستان و سوریا و لوبنان نێردراون.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی قەیرانی داراییەوە ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی کارەکانیان هەڵپەساردووه و نەیانتوانیوه و ئه و پلانەی هەیانبووە جێبەجێی بکەن.
- 19-01-2017