ڕۆژنیوز- زاهیر ئیبراهیم
بەڕێوبەرایەتی گشتی کاروباری مین-ی هەولێر ڕایدەگەیەنێت لە ساڵی 2016 لە سنوری پارَێزگای هەولێر 14هاوڵاتی بوونەتە قوربانی مین و تەقەمەنی، ئەمەش به بەراورد لەگەڵ ساڵی 2015 قوربانیانی مین لە پارێزگای هەولێر ڕووی لە زیادبوون کردووە.
ڕژێمی بەعس لەکاتی شەڕی نێوان عێراق و ئێران زۆرینەی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی مینڕێژکرد تائێستاش بەهەزاران دۆنم زەوی له ناوچەکانی باڵەکایەتی و سیدەکان لە سنوری پارێزگای هەولێر بەمینڕێژکراوی ماونەتەوە ساڵانەش هاوڵاتیان دەبنە قوربانی ڕووداوەکانی مین و تەقەمەنی.
زێبار خالید، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی گشتی کاروباری مین-ی هەولێر بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:" لە ساڵی ڕابردوو لە سنوری پارێزگای هەولێر 14 هاوڵاتی لە شوێنە جیاجیاکان بوونە قوربانی ڕووداوەکانی مین و تەقەمەنی لەو ژمارەیەش چوار کەس گیانیان لەدەستدا و ئەوانی دیکەش کەم ئەندم بوون".
زێبار خالید، وتیشی:" 2016 بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2015 ژمارەی بەرکەوتوانی مین و تەقەمەنی زیادی کردووە، چونکە لە ساڵی 2015، تەنیا هەشت حاڵەتی قوربانی مین ڕوویدا".
ناوبراو، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە بەهۆی ئەم قەیرانە داراییەی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، کەسانێک بۆ بەدەستهێنانی گژوگیا خۆراکییەکان یان بۆ کۆکردنەوەی دار بۆ وەرزی زستان، هەروەها باروت و فافۆنی مین و تەقەمەنیەکان و فرۆشتنیان لە بازاڕ، ڕوودەکەنە ئه و شوێنانەی، کە تائێستاش لە مین پاکنەکراوەنەتەوە، بۆیە زۆرترین حالەتی بەرکەوتنی هاوڵا تیان بەمین بۆ ئەوەدەگەرێتەوە.
لە بارەی ڕێنماییەکانی ئەوانەوە، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی گشتی کاروباری مین-ی هەولێر، وتی:" بەشی هۆشیارکردنەوە لە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بەردەوام هەوڵیداوە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و گوندنشینان و کۆچەرییەکان، بەڵام بەداخەوە زۆرجار گوێ بەرێنماییەکانمان نەدراوە کە سەرئەنجام ڕووداوی گیان لەدەستدان یان کە ئەندام بوونی لێکەوتۆتەوە بەتایبەتی لە سنوری دەڤەری سۆران، کە ژمارەیەکی زۆری ناوچەی مینڕێژکراوی هەیە".
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین-ی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، کە تا ئێستا 370 ناوچەی مینڕێژکراو لە سنوری پارێزگای هەولێر لە مین پاکنەکراونەتەوە، کە ڕووبەرەکەی دەکاتە 48ملیۆن و 700 مەتر دووجا، زۆرترین کێڵگەکانی مین-یش دەکەوێتە سنوری شارۆچکەی سۆران باڵەکایەتی.
21-01-2017