ڕۆژنیوز – هاوکار مستەفا
لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی ئیداری و بەڕێوەبەری سایلۆی سەیدسادق چەند جارێک به نوسراوی فەرمی داوای چارەسەرکردنی گرفتەکانی سایلۆی سەیدسادق-یان کردووە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە گرفتەکانی ئه و سایلۆیە چارەسەر بکرێت و ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانیش هۆشداری دەدات لە خراپبوونی 31هەزار تۆن گەنمی جوتیاران.
بەهۆی نەبوونی کارەبای بەردەوام لە سایلۆی سەیدسادق، مەترسی خراپبوونی دەیان تۆن گەنمی سایلۆکە هەیە.
خەلەف ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئه و گەنمەی، کە ساڵانە لە جوتیاران وەردەگیرێت و لە سایلۆکاندا هەڵدەگیرێت دەبێت بەلایەنی کەمەوە لە هەفتیەکدا چەند ڕۆژێک ناو بەناو لەڕێگەی ئامێرەکانی ناو سایلۆکەوە دەوران به و گەنمە بکرێت بۆئەوەی لە مەترسی خراپ بوون بپارێزرێت، بەڵام لە بەدواداچونماندا بۆ سایلۆی سەیدسادق بۆمان دەرکەوت کە سایلۆکە ڕوبەڕووی چەندین کێشەی جدی بووەتەوە و دەوران به و گەنمە ناکرێت کە وەرگیراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سایلۆی سەیدسادق لەتوانایدا هەیە 42 هەزار تۆن گەنم کۆبکاتەوە، بەڵام لە کۆی ئه و 42 هەزار تۆنە تەنا 11 تۆنیان کاری گواستنەوەیان بۆ کراوه و 31 هەزار تۆن گەنم لەناو سایلۆکەدا ماوەتەوە و زیاتر لە دوو هەفتەشە هیچ دەورانێک بە گەنمە نەکراوه، ئەوەش بەهۆی نەبوونی کارەبای بەردەوام و دابیننەکردنی گاز بۆ کارپێکردنی مۆلیدەی سایلۆکه، بۆیە مەترسی خراپ بونی ئه و گەنمە لە ئارادایە.
ئه و ئەندامەی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد: لای خۆمانەوە وەزارەتی بازرگانی و هاوکات سەرۆکایەتی پەرلەمانیشمان له و مەترسییە ئاگادار کردوەتەوە، چونکە بەدەر له و کێشەیە سایلۆی سەیدسادق بەدەست چەندین کێشەی دیکەوە دەناڵێنێت، وەک نەبوونی ئامێری یەدەگی دیاریکردنی جۆری گەنم و کەمی فەرمانبەر و لەکارکەوتنی چەند ئامێرێکی بەرزکردنەوەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و دەیان کێشەی دیکە.
لای خۆشیەوه، دیاری ڕەفیق، قایمقامی شارۆچکەی سەیدسادق، بە ڕۆژنیوزی وت: هەرلە سەرەتاوە سایلۆی سەیدسادق بە کۆمەڵێک کەموکورتی و کێشەوە لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە ڕادەستمان کرا، بەڵام بەهۆی پێویستی زۆری جوتیاران بە کردنەوەی سایلۆکە، سایلۆکەمان وەرگرت به و مەرجەی لەداهاتوودا کەموکورتییەکانی چارەسەر بکرێن، بەڵام بەداخەوە ئەوە سێ ساڵە چارەسەر نەکراون.
قایمقامی سەیدسادق، ئاماژەی بە گردفتێکی دیکەی سایلۆکە کرد و وتی: نەبونی گەراجێکی تایبەت بە وەستانی ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکان کێشەیەکی ترە، کە ساڵانە لەکاتی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران ڕووبەڕووی کارەکانی سایلۆکە دەبێتەوە.
سەبارەت بە هەوڵی ئەوان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی سایلۆی سەیدسادق، دیاری ڕەفیق، وتی:" نوسراوی فەرمیمان ئاڕاستەی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و وابڕیارە لەم هەفتەیەدا لەڕێگەی پارێزگاری سلێمانییەوە چارەسەرێکی گونجاویان بۆ بدرێتەوە".
23-01-2017