دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران، ڕایگەیاند "لەساڵی 2016دا 26 کرێکار گیانیان لە دەستداوە و شەش کۆمپانیاش بەهۆی سەرپێچیکردن لە هێنانی کرێکاری بیانی داخراون".
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی کانوونی دووەم، سەرۆکی یەکێتی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لقی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنامەوانیدا ئاماری کارەکانی لقی هەولێری یەکێتی کرێکارانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەساڵی ڕابردوودا 26 کرێکار لە کاتی کاردنەوە گیانیان لەدەستداوە لەوانە 11 کرێکاری خۆماڵی و 15 کرێکاریش بیانی بوون ئەوەش بە بەراورد بەساڵی 2015 ڕێژەی گیان لە دەستدانی کرێکاران زیادی کردووە کە 8 کرێکار گیانیان لەدەستدا بوو.
سابیر عوسمان، سەرۆکی یەکێتی سەندیکاکانی کوردستان لقی هەولێر، ڕاشیگەیاند "لەبەر جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی پاراستنی گیانی کرێکاران و ڕێنمایی هێنانی کرێکاری بیانی 60 پڕۆژە بەیەکجاری داخراون و بەهۆی هێنانی کارێکاری بیانیش بەنایاسایی شەش کۆمپانیا مۆڵەتەکانیان هەڵوەشێندراوەتەوە و لیژنەیەک بەچاودێری سەندیکاکانی کوردستان پێکهێندراوە بۆ ئەو کرێکارە بیانیانەی دەهێندرێنە کوردستان دەبێت پشپۆڕییەکی تایبەتی هەبێت و لە کوردستانیش جۆری پسپۆڕییەکە بوونی نەبێت و بۆ ماوەی سێ مانگ لە هەرێم کاردەکات و لەوماوەیەدا چەند کرێکارێکی خۆماڵی فێری پسپۆڕییەکەی بکات".
وتیشی "لەساڵی ڕابردوودا چوار هەزار و 757 کرێکار لەسەر شوێنی کارەکانیان بەسەر کراونەتەوە و چوار هەزار و 453 کرێکاریش دەستبەسەرکراون لەشوێنی کاردا و 800 کارێکاریش بەهاوکاری ڕێکخراوی G.I.Zی ئەڵمانی هەلی کاریان بۆ دۆزراوەتەوە".
لەبارەی ڕێژەی بێکاریەوە ئاماژەی بەوەشکرد "هیچ ئامارێکی فەرمی و زانستی لەبارەی ڕێژەی بێکاری لەبەردەستدانیە بەڵام پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بێکاری بۆ 15 تا 16% بەرز بووبێتەوە ئەوەش بەرلە سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی ڕێژەی بێکاری 12% بووە و بەشداری ساڵانەی کرێکاران بڕی شەش ملیۆن و سێ سەد و پەنجا هەزار دینار هاوکاری کرێکاران کراوە".
- 25-01-2017