ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
ناوەندی خانەی ئازادی کە ناسراوە بە (فریدۆم هاوس)، بارەگاکەی لە شاری واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریکایە، دوایین ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی ئازادی لە جیهان ئاشکرا کرد، هاوکات دەستنیشانیکردوە کە تورکیا لە ساڵی 2016 ئەو وڵاتە بووە کە زیاترین پێشیلکاری دژی ئازادی تێدا کراوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دوای هەوڵدانی کودەتای مانگی تەموزی 2016، سەرۆکی تورکیا ڕێگەیەکی توندی سەربازی گرتوەتەبەر، بەناوی بارودۆخی نائاسایی 40 هەزار کەسی مەدەنی دەستگیرکراون، هەروەها ڕۆژنامەوانان زیندانی کراون و سەدان دەزگای میدیایی و کۆمەڵایەتی و مەدەنی داخراون، دەیان بەرپرس و پەرلەمانتاری بەرهەڵستکار دەستگیرکراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا بەهۆی بەسەربازیکردنی تورکیا، لەناوبردنی سیاسی، کۆنتڕۆڵکردنی ڕۆژنامەوانان و هۆکارگەلێکی ئابووری، تورکیا وەک وڵاتێکی وێران ناوزەد کراوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی فریدۆم هاوس دا ئێران وەک یەکێک لەو وڵاتانە ناوزەد دەکات کە تێیدا ئازادی و دیموکراتی لە ئاستی هەرەباڵادا پێشێل دەکرێت.
لەو ڕاپورتەدا ئاماژەش بەوە کراوە کە لە ئێران هەڵبژاردن بۆ پۆستە جیاوازەکانی دەسەڵات لەلایەن ناوەندەکانی چاودێری کۆماری ئیسلامی بڕیاری لەسەر دەدرێت و هەموو ناوەندەکانی بڕیار لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕێبەری ئایینی ئێران عەلی خامنەیی دایە، ئەوەش لەگەڵ ستانداردەکانی دیموکراسی یەک ناگرێتەوە.
ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر سیاسەتی سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەبڕین، دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی کرێکاری و پێکهاتە جیاوازەکان و نوسیویەتی، کۆماری ئیسلامی لە سێدارەدان و سەرکوتکردنی هاوڵاتیان و چالاکانی ژنان بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا پەیڕەو دەکات.
لە ڕاپۆرتی خانەی ئازادیدا 87 وڵات وەک ئازاد، 59 وڵات کە تورکیاش لەناویدایە وەک کەمێک ئازاد و 49 وڵاتیش وەک هیچ ئازادیی تێدا نییە کە ئێرانیش یەکێکە لەوانە ناویان هاتووە.
01-02-2017