دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
لە ماوەی یەک مانگی ڕابردودا بەهۆی تەقینەوە و گڕگرتنی زۆپای نەوت و غاز، 11 هاووڵاتی دەڤەری ڕاپەڕین بوونەتە قوربانی، بەرپرسانی بەرگری شارستانیش هۆشداری دەدەنە هاووڵاتیان لە ئەگەری مەترسییەکانی ئەو جۆرە زۆپایانە و خاوەنی پێشانگایەکی فرۆشتنی زۆپاش دەڵێت "بەشی زۆری ئەو زۆپایانەی کە لە بازاڕەکانی هەرێمدان کوالیتیان زۆر نزمە و دەبنە هۆی ڕووداوەکانی سوتان".
عەباس ڕەسوڵ حەمەد کە خاوەنی پێشانگایەکی فرۆشتنی زۆپایە لە قەزای ڕانیە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە ئێستادا کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی زۆر کەمە، ئەمەش وایکردووە کە هاووڵاتیان لە ماڵەکانیان نەتوانن بۆ خۆگەرمکردنەوە و خۆشۆردن سود لە سپلێت، هیتەر و بۆلیەر وەربگرن، هەر بۆیە خەڵکێکی زۆر ڕووی کردۆتە کڕینی زۆپای نەوت و غاز.
وتیشی "بەشێکی زۆری ئەو زۆپا غاز و نەوتییانەی کە هەن لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کوالیتیان نزمە، بۆیە زۆرکات دەبنە هۆی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە و دروستبوونی گازی ژەهراوی و گیان لەدەستدانی هاووڵاتیان، وەک ئاشکراشە لە ئێستادا ئەو ڕووداوانە ڕوویان لە زیادبوون کردووە و خەڵکێکی زۆر بوونەتە قوربانی.
کاروان مەحمود، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لە سنوری هەردوو قەزای ڕانیە و قەزای پشدەر بە هۆکاری ڕووداوەکانی سوتان کە بەهۆی گڕگرتنی زۆپای نەوت و غاز و هاوکات پەرەمێز ڕوویانداوە، (11) کەس لە دەڤەری ڕاپەڕین بوونەتە قوربانی و ئەو ڕێژەیەش بەراورد بە ساڵی پار زیادی کردوە.
وتەبێژەکەی پۆلیسی ڕاپەڕین وتیشی "مانگی ڕابردوو بەهۆی ڕووداوی سوتان 3 کەس گیانیان لە دەستداوە کە 2 کەسیان ئافرەتن و کەسەکەی تریشیان پیاو بووە، هەروەها 8 کەسی تریش بە سەختی بریندار بوون کە 5 برینداریان ئافرەتن و 3 بریندارەکەی تریش بریتین لە پیاوێک و دوو منداڵ و تائێستاش لە یەکەی چاودێری وردی نەخۆشخانەکانی سلێمانی و هەولێر ماونەتەوە".
کاروان مەحمود ڕاشیگەیاند، سەرجەم ئەو ڕووداوانە بەهۆی گڕگرتن و تەقینەوەی زۆپای نەوت و غاز و پەرەمێزەوە ڕوویانداوە کە بەشێکی زۆری ئەو قوربانیانە لەناو گەرماو و لەکاتی خۆشۆریندا بەهۆی گڕگرتنی زۆپاوە سوتاون.
حسێن عەبدوڵا، وتەبێژی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردودا لە دەڤەری ڕاپەڕین بەهۆی گڕگرتنی زۆپاکانی نەوت و غاز و پەرەمێز، 33 ڕوداوی ئاگرکەوتنەوە لە دەڤەرەکە تۆمار کراوە کە جگە لە زەرەری گیانی، هاوکات بڕی نزیکەی 41 ملیۆن دینار زیان بەر هاووڵاتیان کەوتووە.
وتەبێژی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین ڕونیشیکردەوە، پێویستە هاووڵاتیان لە کاتی بەکارهێنانی زۆپادا ئاگاداری ئەوەبن کە زۆپای نەوت بە زوویی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن دروست دەکات کە دەبێتە هۆی ژەهراوی بون و مردن، بەڵام زۆپای غاز زووتر لە زۆپای نەوت گڕ دەگرێت.
حسێن عەبدوڵا، باسی لەوەشکرد، پێویستە هاووڵاتیان لە شەواندا و بەر لە خەوتنیان زۆپاکانیان بکوژێننەوە و هەروەها لە گەرماوەکانیان لە کاتی خۆشۆریندا دووربن لە بەکارهێنانی پەرەمێزی غاز و نەوت و زۆپا، چونکە لە ئێستادا بەشێکی زۆری قوربانییەکانی ڕووداوی سوتان ئەو کەسانەن کە لە کاتی خۆشۆریندا دەسوتێن.
- 08-02-2017