دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
ئاژانسی پەرەپێدانی سویسری بۆ ئاو و ڕێکخراوی یونسکۆ بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکانی ئاو هاوکاری حکومەتی هەرێم دەکەن.
نەزیر ئەسعەد، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "هەریەکە لە ئاژانسی پەرەپێدانی سویسری بۆ ئاو و ڕێکخراوی یۆنسکۆ بڕیاریانداوە بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار هاوکاری جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن".
وتیشی "ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا لەهەولێر ڕێککەوتنێک لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و هەردوو ڕێکخراوەکە ئەنجامدراوە، لە 6ی ئازاری 2017 دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکرێت".
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، ڕوونیشیکردەوە ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە دیراسەکردن و بووژانەوەی ئاوی ژێرزەوی لە هەرێمی کوردستان و قۆناغی یەکەم و دووەمی پڕۆژەکە تەواو بووە و بۆ قۆناغی سێیەمی پڕۆژەکە بڕی یەک ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکراوە کە لەسەر ئەرکی ئاژانسی پەرەپێدانی سویسری بۆ ئاو و ڕێکخراوی یونسکۆ دابینکراوە.
ساڵی ڕابردوو وڵاتی ژاپۆن بۆ پڕۆژەی ئاوی چواری هەولێر و پڕۆژەی ئاوی سلێمانی، بڕی یەک ملیار دۆلاری وەک هاوکاری لەرێگەی حکومەتی ناوەندییەوە بە هەرێمداوە بڕیارە لەکۆتایی ئەمساڵدا هەردوو پڕۆژەکە تەواو بکرێن.
- 09-02-2017