دواڕۆژ، هۆگر کەمال
بەشێک لە خاوەنی نووسینگەکانی دراو گۆڕینەوەی بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی و خاوەن قەرزەکان، زانیاری لەسەر چۆنیەتی قەرزداربوونی عوسمانی حاجی ساڵح بەبڕی 25 ملیۆن دۆلار و چۆنیەتی مایەپووچبوونی کۆمپانیاکەی دەخەنەڕوو.
سەردار سەنگاوی، تەمەن 49 ساڵ، خاوەنی نووسینگەی سەنگاو لە بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی، سەبارەت بە ڕووداوی مایەپووچبوونی سەرمایەدارێک و دیارنەمانی 25 ملیۆن دۆلار، بۆ دواڕۆژ، وتی "ئەو پیاوەی ڕووداوەکەی بەسەرهاتووە ناوی (عوسمان حاجی ساڵح)ە و خەڵکی پێنجوێنە، لە ساڵی (1980)ەوە باوکی لێرە دوکانی هەبووە".
سەردار کە نووسینگەکەی بە تەنیشت کۆمپانیاکەی عوسمانی حاجی ساڵحەوەیە، سەبارەت بە کەسایەتی ئەو سەرمایەدارە، باسی لەوەکرد "ئەو زۆر جێگەی متمانە بوو پێشتریش باوکیشی وابوو، ئێمە مامەڵەی دۆلار بە دینارمان لەگەڵ دەکرد، بەهۆی متمانە و دراوسێ دوکانیمانەوە جاری وا هەبووە پارەکەمان لێوەرنەگرتووە".
ئەو دەڵێت کە عوسمانی حاجی ساڵح کۆمپانیاکەی لە ڕووی ئەمنییەوە زۆر قایم بووە و چەندین قاسەی قایمی تێدابووە، بەهۆی متمانەکەشییەوە لەناو بازاڕی دۆلارەکە وەک قاسەی نووسینگەکان و بەشێک لە هاووڵاتیانیش وابووە.
سەنگاوی دەڵێت "هاووڵاتیان و کەسوکاریشی ئەوەی پارەیان هەبووە لەلای عوسمانی حاجی ساڵح دایان ناوە، چونکە نەیانوێراوە لە بانکەکان دایبنێن، جگەلەوەش ئەو تائێستا کارێکی هەڵە و جێگە گومانی نەکردووە".
خاوەنی ئەو نووسینگەیە کە 340 ملیۆن دیناری بە قەرز داوەتە ئەو سەرمایەدارە، سەبارەت بەوەی چۆن ئەو پارە زۆرەی دیار نەماوە کە دەوترێت 25 ملیۆن دۆلارە، وتی "کاک عوسمان کارگەی شیش و بینای مساتەحە و باخ و چەندین خانووی هەیە، ڕەنگە ئەو شتانەش نرخی ئەو کاتەیان بۆ نەکاتەوە کە کڕیویانە، جگەلەوەش بە وتەی خۆی زیاتر لە شەش ساڵە کارەکەیان لە زەرەردا بووە، خۆشیان لە کۆمپانیاکە چوار کەس بوون، ئەمە هۆکاری ئەم ڕووداوەیە".
سەنگاوی ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو سەرمایەدارە چەکی بە پارەی نەقد کڕیوە و لەوەش زەرەری کردوە، دەشڵێت "ئێمەش و خەڵکیش تا ڕۆژی شەممەی ڕابردوو 4ی شوباتی 2017 بەو ڕووداوەمان نەزانیووە تا خۆی ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممەی پێشتر من 340 ملیۆنم بە قەرز داوەتێ".
رۆژی شەممەی ڕابردوو عوسمانی حاجی ساڵح، خاوەنی کۆمپانیای بنەتوو لە بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی کە ئێستا لای کەسایەتی ناسراوی ناوچەی قەرەداغ (شێخ دلێری شێخ مستەفا) داڵدە دراوە، مایەپووچبوونی خۆی ڕاگەیاند، دوای ئەوەش بە سەدان کەس لە بەردەم کۆمپانیاکەی کۆبوونەوە و ئاشکرایان کرد کە قەرزیان لایەتی، وەک دەوترێت 25 ملیۆن دۆلار قەرزی خەڵکی لایە.
لەکاتی بەدواداچوونمان بۆ ئەم ڕووداوە چەندین کەسمان لە بازاڕی دۆلارەکە بینی کە باسیان لەوە دەکرد کە ئەو سەرمایەدارە زۆر جێگەی متمانەی خەڵک بووە و ئێستاش باوەڕ بەو ڕووداوە ناکەن.
بەشێک لەوانەی پارەیان لای ئەو سەرمایەدارەیە وەک خۆیان دەڵێن لە بازاڕی دۆلارەکە کار ناکەن، بەڵکو وەک ئەمانەت پارەیان لای داناوە، یەکێک لەو کەسانە ئاشکرای کرد کە خانووەکەی فرۆشتوە و 14 دەفتەر دۆلاری لای ئەو سەرمایەدارە بە ئەمانەت داناوە.
بەشێکی تر لەوانەی پارەیان لای ئەو سەرمایەدارەیە ئەوانەن کە بە قەرز پارەیان داوەتێ یان لە ڕێگەی متمانەوە مامەڵەیان لەگەڵ کردوە، زۆرترین پارەش وەک دەوترێت 150 دەفتەر دۆلاری بازرگانێکی بە ئەمانەت لابووە و جگەلەوەش بەشی 70 دەفتەر دۆلار تمەنی لە خاوەن نووسینگەیەکی بازاڕی دۆلارەکە بە قەرز وەرگرتووە و قەرزەکانی تر هی چەندین کەسن و لەو دوو بڕە کەمترن.
لەلایەکی دیکەوە، خەلیل مۆریاسی تەمەن 41 ساڵ و خاوەنی نووسینگەی ئەسکەندەر کە 15 ساڵە لە بازاڕی دۆلارەکە نووسینگەیان هەیە، سەبارەت بە ڕووداوەکە، وتی "ئەو پارە زۆرە ئەوە نیە بڵێی ئەم پیاوە 25 ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیاکەی بووە و ڕاستەوخۆ نەماوە، بەڵکو ئەم ڕووداوە بە چەند ساڵێک بەسەر ئەو سەرمایەدارەدا هاتووە".
وتیشی "ئەمە یەکەم حاڵەت و دوا حاڵەت نابێت کە لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی ڕووبدات، لە هەولێریش حاڵەتی لەو شێوەیە ڕوویداوە بە قەبارەی بچوکتر، ئەمەش مانای ئەوە نیە بازاڕی دۆلارەکە لەناوبچێ، ئەو پارەیە وەک 250 دینار وایە بە نیسبەت بازاڕەکەوە".
خەلیل مۆریاسی، باسی لەوەشکرد "بەپێی ئەوەی گوێمان لێبووە لە (2008)ەوە ئەو سەرمایەدارە لە زەرەردا بووە و لەبەر کەسایەتی خۆی ئاشکرای نەکردووە و هەر هەوڵیداوە زەرەرەکەی پڕبکاتەوە، بەڵام دیارە زەرەرەکەی زیاتر بووە و ڕەنگە چەند کەسێک لەوانەی پارەیان لای بووە داوایان لێکردبێتەوە، ئەویش بۆ ئەوەی تووشی هیچ نەبێت مایەپووچبوونی خۆی ڕاگەیاندوە".
رونیشیکردەوە "دەوترێت زیانەکانی بەشێکی بەهۆی کڕینی زەوی بە دۆنم و دانانی کارگە بووە کە ئێستا پارەی زۆر کەم دەکەن، لەگەڵ مامەڵەی ئاڵتون لە ئێران کە دەستی بەسەردا گیراوە".
ئەوەشی خستەڕوو "بازاڕی دۆلارەکە زۆر گەورەیە و وەک بانکێک وایە و ئەمنیەتیشی زۆر بە قوەتە، ئەگەر کەسێکی ئەو بازاڕە مایەپووچبوو مانای ئەوەنیە بازاڕەکە تێکبشکێت، بەڵکو پێوەی دیارنیە و ئەو ڕووداوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر مامەڵەکردنی ناو بازاڕەکە نەکردوە".
بەوتەی خاوەنی نووسینگەکانی دراوگۆڕینەوەی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، عوسمانی حاجی ساڵح لە ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەممەی پێش ڕاگەیاندنی مایەپووچبوونەکەی بڕی دوو ملیار دیناری لە نووسینگەکان بە قەرز وەرگرتووە و دواتر مایەپووچبوونی خۆی ڕاگەیاندوە.
مۆریاسی ئاماژەی بەوەشکرد "عوسمانی حاجی ساڵح متمانەیەکی زۆر گەورەی لە بازاڕەکەدا هەبوو، ئەو پارانەی لاشیەتی کەمێکی هی بازاڕە ئەوەی تری هی ئەو هاووڵاتیانەیە کە بە متمانەوە پارەیان لای ئەو داناوە".
تائێستا کەس نازانێت ئەو سەرمایەدارە کە لە کۆمپانیاکەی پارەی بۆ هاووڵاتیان هەڵگرتووە، بۆ سوودبەخشین بە کەسەکە و مامەڵە پێوەکردنی بووە، یاخود تەنها پارەکەی بۆ ئەو هاوڵاتیانە هەڵگرتووە.
بەشێک لەو کەسانەی کە پارەیان لای ئەو سەرمایەدارەیە، لە ڕێگەی دواڕۆژەوە باسیان لەوەکرد، کە داڵدەدانی عوسمانی حاجی ساڵح لەلایەن کەسایەتییەکەوە، بۆ ئەوەی سوڵحی کۆمەڵایەتی بۆ بکات و موڵکەکانی بفرۆشێت و دابەشی بکات بەسەر خاوەن قەرزەکان کارێکی زۆرباشە، دەشڵێن "باوەڕمان بەوە نیە لە ڕێگەی یاساوە قەرزەکەمان وەربگرین، بەڵکو ئەو سوڵحە بە باش دەزانین".
دواڕۆژ زانیویەتی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند نوێنەرێکی خاوەن قەرزەکان سەردانی ماڵی شێخ دلێریان لە قەرەداغ کردووە کە ئەو سەرمایەدارەی داڵدەداوە و قسەیان لەگەڵ قەرزدارەکە کردوە و ئەویش پێی وتوون "چیم هەیە دەیفرۆشم و پارەکەی بەسەرتاندا دابەش دەکەم".
خاوەنی نووسینگەیەکی دراوگۆڕینەوەی بازاڕی دۆلارەکە کە 500 ملیۆن دیناری لای ئەو سەرمایەدارەیە و نەیویست ناوی بهێنرێت، بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستەڕوو کە ئێستا متمانە لە بازاڕی دۆلارەکە نەماوە و کەس ناوێرێت بۆ چەند دەقەیەکیش 100 دۆلار بدات بە کەسێک، دەشڵێت "ئەو ڕووداوە کاریگەرییەکی زۆری کردۆتە سەر بازاڕەکە و نازانرێت ئەو پارە زۆرە چۆن قەرزدارە".
ئەو خاوەن نووسینگەیە، باسی لەوەشکرد "ئەوەی لامان سەیرە ئەگەر ئەو سەرمایەدارە، قەرزادارە بۆ پێشتر ڕاینەگەیاند؟، بۆ ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە بڕی دوو ملیار دیناری بە قەرز وەرگرت و دواتر ڕۆژی شەممە مایەپووچبوونی خۆی ڕاگەیاند؟!".
عوسمانی حاجی ساڵح خاوەنی کۆمپانیای بنەتووە لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی و لەگەڵ برایەکی و دوو ئامۆزای کاریان لەو کۆمپانیایە کردوە و دوای ڕووداوەکەش لە ڕێگەی میدیاکانەوە باسی لە مایەپووچبوونی خۆی کرد و ئەو موڵکانەشی خستەڕوو کە هەیەتی، ئەمەش بۆ ئەوەی بیانفرۆشێت و پارەکەی بەسەر خاوەن قەرزەکاندا دابەش بکات.
ئەو خاوەن نووسینگەیەی کە نەیویست ناوی بهێنرێت، داوای کرد ئەو سەرمایەدارە لەکاتی دانەوەی بەشێک لە قەرزەکان ڕەچاوی ئەوە بکات کە کێ پارەی بە قەرز داوەتێ و کێ بە ئەمانەت لای داناوە، بۆ ئەوەی جیاوازی لە نێوانیاندا بکات و بزانێت چۆن پارەکە دابەش دەکات.
رۆژی شەممەی ڕابردوو 4ی شوباتی 2017، عوسمانی حاجی ساڵح، خاوەنی کۆمپانیای بنەتوو مایەپوچبوونی خۆی ڕاگەیاند و دوای ئەوەش ڕووداوەکە هەڵایەکی زۆری لێکەوتەوە، ئەم ڕووداوە تائێستا گفتوگۆی نێوان کاسبکارەکانی بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانییە و ڕۆژانە باس و خواسی لەسەر دەکەن.
- 10-02-2017