رێکخراوی ئای ئێچ دی (IHD) لقی دیاربەکری کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە ساڵی 2016 لە سنوری ناوچە کوردییەکانی تورکیا 118 منداڵ کوژراون.
رێکخراوەکە پێنجشەممە 9ی شوبات ڕاپۆرتێکی لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی منداڵ لە ناوچە کوردییەکانی تورکیا بڵاوکردەوە ئاماری پێشێلکردنی مافەکانی منداڵانی تیادا خرایەڕوو.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئۆفیسی سەرەکی خۆیان لە ئامەد ئاشکرایانکرد، لە ساڵی 2016 لەو ناوچانەی ئاماژەی بۆکرا، 118 منداڵ کوژراون و 77 بریندارکراون و 114 منداڵیش ڕووبەڕوی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە.
پارێزەر ئەرجان یەڵماس ئەندامی ئەنجومەنی ڕێکخراوەکە باسی ئەوەکرد، لە 2016 پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی منداڵان ڕووی لە زیادبوون کردووە و وتی"لە نێوان ئەو پێشێلکارییانەدا کرداری لە سێداردان بەبێ فەرمانی داوەر جێبەجێکراوە و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانیش هەبووە".
باسی ئەوەشیکرد، جگە لەوانە مامەڵەی خراپی ئاسایش لەگەڵ منداڵاندا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕووی لەزیادبوون کردووە.
داوای لە خەڵکیش کرد، هەستیاربن بەرامبەر ئەو توندوتیژییانەی لەئێستادا بەرامبەر منداڵانی ئەو ناوچانە دەکرێت.
- 10-02-2017