دواڕۆژ، هۆگر کەمال
سەرۆکی بەشی پشکنین و بەدواداچوون لە تەندروستی سلێمانی ئاشکرای دەکات کە 9 سەنتەری جوانکاریی و ئارایشتگایان بەهۆی بێمۆڵەتی و کاری نەشیاوەوە داخستووە.
عادل عوسمان، بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرێتی گشتی تەندروستی سلێمانی، بە دواڕۆژی وت "لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا حەوت سەنتەری جوانکاریی و دوو بەناو ئارایشتگەمان لە ناو گەڕەکەکانی شاری سلێمانی و لەسەر شەقامی سەرەکی بەختیاری داخستووە".
وتیشی "زۆربەی ئەو سەنتەرانە مۆڵەتی تەندروستییان نەبووە، کەسێک سەنتەرێکی کردۆتەوە بەناوی جوانکاریی (پێست، لەشولار، لابردنی موو، تاتوو، بوتۆکس و فیلەر)ی کردووە کە ئەمانەش دەبێت لەژێر چاودێریی پزیشکدا ئەنجام بدرێن".
ئاماژەی بەوەشدا "تاتوو یەکێکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی نەخۆشی ڤایرۆسی جگەر لە شارەکەمان، بۆیە قەدەغەکراوە و ناکرێ هەموو کەس بیکات، دەبێت ئەو کەسەی تاتوو دەکات بڕوانامەیەکی باوەڕپێکراوی هەبێت و لە وەزارەتی تەندروستییەوە مۆڵەت وەربگرێت".
عادل عوسمان، باسی لەوەشکرد "ئەو کەسانەی ئەو سەنتەرانەیان داناوە خەڵک ڕادەکێشن بۆ خۆیان بەناوی نرخ هەرزانی و کاری زیادەی جوانکاریی".
رونیشیکردەوە "ئەو کەسانەی لەو سەنتەرانە کار دەکەن بەڕەگەز تورک و عەرەبن، یاخود کەسێکی کوردە و لە دەرەوەی وڵات خولێکی لەسەر برۆکردن بینیوە و گەڕاوەتەوە بەبێ مۆڵەتی تەندروستی و پرسی ئاسایش ئەو سەنتەرەی داناوە، جگەلەوەش زۆربەیان خۆیان بە کارمەندی شوێنەکە لە قەڵەم دەدەن و خاوەنەکانیان لە هەولێر و دەرەوەی وڵاتن".
ئەو بەڕێوەبەرە، هێمای بۆ ئەوەشکرد کە ئەوان تەنها شوێنکارەکانیان پێدادەخەن و دواتر نووسراو بۆ ئاسایش دەکەن، دەشڵێت "ئەگەر بەڵگەنامەی ڕەسمیمان بۆ بهێنن ڕێگە دەدەین شوێنەکەیان بکەنەوە، ئەگەرنا ئاسایش بڕیار دەدات لەبارەی سزاکەیانەوە".
ئەوەشی خستەڕوو "ئەو کارەی ئەوان کردوویانە کاری پزیشکی جوانکاریی و پێستە و لە ڕووی پزیشکییەوە گونجاو نیە ئەو کارە بکەن".
عادل ئەوەشی ئاشکراکرد، کە پێشتر ئاسایش ئاگاداری کردوونەتەوە لەوەی سەردانی سەنتەرێکی جوانکاریی بکەن کە نازانن چی لەو سەنتەرەدا دەکرێت، دەشڵێت "ئەو سەنتەرە بە تەلەفۆن خەڵکی بۆ دەهات و دەڕۆیشتە دەرەوە، نازانرێت چ کارێکیان تێدا کردوە، مۆڵەتیشیان نەبوو، بۆیە پێمان داخستوون و ئاسایش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکات".
سەبارەت بەوەی بۆ کردنەوەی ئەو سەنتەرانە تاچەند تەداخولی کەسانی دەستڕۆیشتوو قبوڵدەکەن، عادل عوسمان، وتی "تائێستا هەر کەسێک تەداخولی کردبێت قبوڵمان نەکردوە، هەر کەسێکیش تەداخول بکات ڕاگەیاندنەکانی لێئاگادار دەکەمەوە و ناوی کەسەکەش ئاشکرا دەکەم".
ئەو بەڕێوەبەرەی تەندروستی، باسی ئەوەشی کرد "کلینیکێکی پزیشکییان داخستووە، کەسێکی تورک کاری تێدا دەکرد کە ئەو کەسە بانگەشەی ئەوەی کردووە پزیشکە و هەندێک ئامێری دانابوو گوایە هەموو نەخۆشییەکان دەستنیشان دەکەن، لە ئەنجامدا بۆمان دەرکەوت ئەو کەسە هیچ پسپۆڕییەکی نییە و هیچ مۆڵەتێکی کارکردنی نییە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و سەندیکای پزیشکانی کوردستانەوە".
- 10-02-2017