ڕۆژنیوز هاوکار مستەفا
دوای سێ ساڵ لە ئاوارەبوونیان و پاشان نیشتەجێبوونیان لە شارەدێی خورماڵ سەربە پارێزگای هەڵەبجە، 300 ئاوارەی عەرەب ماڵئاواییان کرد و بەره و ناوچەکانی خۆیان گەڕانەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە مەراسیمێکی تایبەتدا لە شارەدێی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، ژمارەیەک ئاوارەی عەرەب بڕیاری گەڕانەوەیاندا بۆ ناوچە ئازادکراوەکانیان، بۆ ئه و مەبەستەش بە گرنگیانزانی کە پێش ڕۆشتنەوەیان سوپاسگوزاری خۆیان بۆ خەڵکی کوردستان دەرببڕن.
حەیدەر یوسف، یەکێک لە ئاوارە عەرەبەکانی نیشتەجێی شارەدێی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، بە ڕۆژنیوزی وت: وەک ئاوارە عەرەبەکانی سنوری پارێزگای موسڵ و دەوروبەری بە تایبەت عەشیرەتی (قیسیین) بە ئەرکی سەرشانی خۆمانزانی کە پێش ئەوەی بگەڕێیینەوە بۆ ناوچە ئازادکراوەکانمان سوپاس و دەستخۆشی لە هاوڵاتیان و کاربەدستان و بەرپرسانی ئەمنی شارەدێی خورماڵ بکەین، کە لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا بە تەواوی هاوکارییان کردوین.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە ئێستادا کە ناوچەکانمان لە دەستی چەتەکانی داعش ئازادکراوە نامانەوێت لەوە زیاتر ببین بە ئەرک بەسەر هاوڵاتیان و حکومەتی هەرێمەوە، چونکە بە ڕاستی ئەوەی لەماوەی ڕابردودا بەرامبەرمان کراوە جێگەی سوپاس و پێزانینە و نابێت بەهیچ شێوەیەک لەبیری بکەین.
لای خۆیەوە خالید محەمەد، بەرپرسی ئەنجومەنی ئاوارە عەرەبەکان لە شارەدێی خورماڵ بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوەکرد: بەهۆی ئه و شەڕ و ئاڵۆزییانەی کە لە پارێزگای موسڵ و چەند پارێزگایەکی تر ڕوویدا، ماوەی سێ ساڵە 300 خێزانی ئاوارە ڕویان لە شارەدێی خورماڵ کرد، بەڵام خۆشبەختانە کە لە ئێستادا ناوچەکانمان ڕزگارکراوە لەسەر خواستی خۆمان بڕیارماندا کە بگەڕێینەوە، بۆیە بەباشمان زانی پێش گەڕانەوەشمان مەراسیمێکی تایبەت بە سوپاسگوزاری بۆ خەڵکی خورماڵ ساز بکەین.
ئەوەشی خستەڕوو: لە کۆی ئه و 300 خێزانە لە ئێستادا 250 خێزانیان لە شارەدێی خورماڵ ماونەتەوە، بەڵام لە سبەینێوە ڕۆژانە 25 خێزان بۆ 50 خێزان بەیەکەوە دەگەڕێیینەوە بۆ ناوچەکانی خۆمان، هەروەها ئەوەی زیاتر بوەتە جێگەی خۆشحاڵی له و ماوە زۆرەدا نەبوینە هۆی دروستکردنی هیچ کێشە و ئاڵۆزییەک بۆ ناوچەکە و لەبەرامبەریشدا خەڵکی کوردستان زۆر ڕێزیان لێگرتین.
هەروەها سالار محەمەد، یەکێک لە هاوڵاتیانی شارەدێی خورماڵ، لەبارەی ڕۆشتنەوەی ئاوارە عەرەبەکانەوە بۆ ناوچەکانیان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئەوەی ئەمڕۆ ڕویدا دیمەنێکی ڕاستەقینە بوو لە دروستبونی برایەتی لە نێوان کورد و عەرەبدا بەتایبەت لەدوای ئه و حاڵەتە نەخوازراوە بەهۆی شەڕی داعشەوە بەسەر پارێزگای موسڵ و دەوروبەریدا هات و ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان ئاوارە بون.
ئەوەشی وت: وەک هاوڵاتیان و دانیشتوانی شارەدێی خورماڵ بە گەرمی پێشوازیمان له و ئاوارانە کرد و هاوکاریمانکردن بەگوێرەی توانای خۆمان، چونکە ئێمەش لەساڵانی پێشوودا هەمان ئه و سینارۆیەمان بەسەردا هاتووە بۆیە ئێمە لە ئێش و ئازارەکانیان گەیشتبوین و بەئەرکی سەرشانی خۆمان زانی جێگه و ڕێگەیان بۆ بکەینەوە.
10-02-2017