دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکان لە پەرلەمان کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێشبینیدەکرێت لە ساڵی 2017دا هەناردەی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانەوە دەستپێبکات.
دوای ئەوەی کۆمپانیای (گەنەڵ ئینێرجی) ڕۆژی دووشەممە 13ی شوبات ئاشکرایکرد، دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێم، کۆمپانیاکەیان بەرەو کردنەوەی کێڵگەی غازی بنەباوێ و میران دەڕوات لە هەرێمی کوردستان.
کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی، ڕونیشیکردۆتەوە، بەجێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم، هەوڵەکانیان بۆ هەناردەکردنی غازی سروشتی دەستپێدەکات و و دەبنە کۆمپانیای یەکەم لەهەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی غازی سروشتی بۆ تورکیا.
دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشەشازی و وزە لە پەرلەمانی کوردستان، لەوبارەیەوە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، ڕێککەوتنێک کراوە و ڕەنگە ژێرخانی بەرهەمهێنانی گاز دابمەزرێنن لە کوردستاندا و بە پێی ڕاگەیاندنی ئەو کۆمپانیایە ئەوان دەتوانن لە ماوەی چەند مانگێکدا ئەو ژێرخانە دروست بکەن، ئەگەر ئەم کارە بکرێت، ئەوا لە ئەمساڵدا، ژێرخانی ئەم سامانەش بنیاد دەنرێت و دواتر قۆناغی ئەوە دێتە پێشەوە چۆن بە بۆرییەکانەوە ببەسترێنەوە و غازەکە هەناردە بکرێت.
دڵشاد شەعبان، ئاشکراشیکرد، بە پێی مەزەندەی ئەوان ئەگەر کێشەی سیاسی و ئەمنی دیکە نەیەتە پێش ئەوا هەرێم دەتوانێت لە ساڵی 2017دا گاز هەناردە بکات و پێشبینیش دەکرێت تاوەکو ساڵی 2019 هەرێم بتوانێت 20 ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی هەناردەی دەرەوە بکات.
کێڵگەی بنەباوێ ڕۆژانە لەتوانایدایە (10 بۆ 20) ملیۆن مەتر سێجا غاز هەناردە بکات و کێڵگەی میرانیش نزیکەی (7 ملیۆن بۆ 14) ملیۆن مەتر سێجا هەناردە بکات و بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە کۆمپانیای گەنەڵ بۆ هەر 28 مەتر سێجایەک لە هەناردەکردنی غاز بڕی (1.2) دۆلار وەردەگرێت.
16-02-2017