لە ساڵی 2016 ڕێژەی گیان لەدەستدان و بریندار بەهۆی مین و تەقەمەنیەوە بەراورد بەساڵی 2015 بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوە، ئەوەش لە ئەنجامی ڕزگارکردنی ڕوبەرێکی فراوانتر لە خاکی ئازادکراوی کوردستان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە لە ژێر دەستی داعش کە ئەوناچانەی بە بۆمب و تەقەمەنی بۆمب ڕێژکردبوو.
بەپێی ئامارەکانی دەزگای مین، لەساڵی 2016 دا 16 هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوه و 25 کەسی تریش کەمئەندام و برینداربوون، لەکاتێکدا لەساڵی 2015 سێ کەس گیانیان لەدەستداوه و 16 ی دیکەش کەم ئەندام و بریندار بوون.
محەمەد ئەحمەد سەرۆکی #دەزگای گشتی کاروباری مین# ئەمڕۆ بە پێگەی فەرمی دەزگاکەی ڕاگەیاند زیادبونی ڕێژەی گیان لەدەستدان و بریندار بەهۆی مین و تەقەمەنییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئازادکردنەوەی بەشێکی زۆری خاکی کوردستان لەژێر دەستی داعش کەئه و ناوچانەی زۆربەی مەترسیداربوون و سەرجەمی بە بۆمب و تەقەمەنی لەلایەن داعشەوە پیسکرابوو.
سەرۆکی دەزگای مین، هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی ڕێژەی گیان لەدەستدان و بریندارانی گەڕاندەوە بۆ باپەندنەبوونی هاوڵاتیان بە هۆشیاری و ڕێنماییەکانی دەزگای مین کە بڵاویان دەکاتەوە بۆ ناوچە مەترسیدارەکان.
ئامارەکانی دەزگای مین دەریدەخەن، لەساڵی ڕابردوودا، زۆترین قوربانی لەسنوری پارێزگای هەولێردا بووە کە 15 قوربانی بووە، کەرکووکیش کەمترین قوربانی هەبووە کە یەک کەس بووە، هەروەها پارێزگای دەهۆک دووەم ڕێژەی زۆری بەرکەوتووە کە 10 قوربانیه و پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان هەریەکیان شەش قوربانی هەیە پارێزگای هەڵەبجەش سێ قوربانی کە کۆی گشتی یان دەکاتە 41 قوربانی.
19-02-2017