زمانی دایک چییە؟
(لە سەروبەندی ڕۆژی زمانی دایک 21ی فێبریوەر)
نووسینی: تاریق هێدی
-----------------------------------------------
گەر لە کۆمەڵگەیەکی بەکارهێنەری یەک زماندا، پێناسەکەی زمانی دایک ئەوە بێت، کە: ئەو زمانەیە کە منداڵ لە دایک و لە ناو خێزاندا فێری دەبێت، ئەوا لە ناو ئەو کۆمەڵگەیانەدا، کە فرەزماننین، پێناسەکە گەلێک فراوانتر و هاوکات زەحمەتتریش دەبێت و دەشێت چەندین وەڵام و پێناسەی جۆراوجۆرمان دەست بکەوێت، لەوانە:
- ئەو زمانەیە کە مرۆڤ لە دایکەوە فێری دەبێت.
- ئەو زمانەیە کە مرۆڤ یەکەم جار فێری دەبێت، واتە: زمانی یەکەمە.
- ئەو زمانەیە کە مرۆڤ باشتر توانای بەسەریدا دەشکێت و باشتر دەتوانێت قسەی پێ بکات و تەعبیری پێ لە خۆی بکات.
- ئەو زمانەیە کە زۆرتر بەکاردەهێنرێت.
- ئەو زمانەیە کە مرۆڤ بە ناسنامەی خۆی دەزانێت.
- ئەو زمانەیە کە مرۆڤ خەونی پێ دەبینێت.
- ئەو زمانەیە کە مرۆڤ بیری پێ دەکاتەوە.
- ئەو زمانەیە کە مرۆڤ بە باشی دەیزانێت.
- ئەو زمانەیە کە...(خۆت پێناسەیەکی دیکەی بۆ دابنێ!)
زمانی دایک، لە ڕووی فۆرم، ناوەرۆک و بەکارهێنانەوە هەمان ئەو سیما و یاسایانەی هەیە کە بۆ زمان بە گشتیی داندراون. ئەوەی زمانی دایک جیادەکاتەوە، بواری لێکۆڵینەوە و کاریگەرییەکانیەتی بۆ فێربوونی زمانی دووهەم، سێهەم...تاد. دیاریکردنی پێناسەیەکی کۆنکرێتیی بۆ زمانی دایک لە ناو کۆمەڵگە یەک ئیتنی و هۆمۆگێنەکاندا (کە تاکە زمانێک بەکاردەبرێت) گەلێک ساناترە وەک لە چاو کۆمەڵگە فرە کولتور و فرەزمانەکاندا.
لەو ڕوانگەیەوە گەر لە هەر یەکێک لەو پێاناسانەی سەرەوە بڕوانین، دەبینین کەهەر یەکەیان لە ژێر کاریگەری بواری جیاجیادا هاتوونەتە بەرئەنجام، بۆ نموونە، بەستنەوەی زمانی دایک بەڕەچەڵەکەوە (کاریگەریی سۆسیۆلۆژییانە)یە. بەستەنەوەی بە،توانا و قودرەت بەسەردا شکاندن (کاریگەریی سایکۆ-لینگویستیکانە)یە. بەستنەوەی بە ڕێژەی بەکارهێنانەوە (کاریگەریی سۆسیۆ-لینگویستیکانە)یە و بەستنەوەی بە ناسنامەوە (کاریگەریی ئەنترۆپلۆژیای سۆسیۆلۆژیانە)یە...تاد.
لە کوردستان سەرەڕای ئەوەی بە درێژایی دەیان و سەدان ساڵ زمانی دایک وەک تێما و بابەتێکی نەتەوەیی و سیاسییانە لە ڕووی بەکارهێنان و خوێندنەوە بە فراوانی قسەی لەسەرکراوە و وەک مافێکی سەرەتایی خەباتی بۆ کراوە، بەڵام جێی داخە، کە تا ئەم ساتە وەختە توێژینەوەی زانستی و باسوخواسی دروستی لە بارەوە نەکراوە! بەهۆی نەبوونی کادری تایبەتمەند لەو بوارەدا، هەندێک لەو ئەکادیمیکە بەڕێزانەی لە بارەی زمانی دایکەوە شتێکیان وتووە، زیاتر لە ڕووی قسەپێکردن، بەکارهێنانی وشەی پەتی و وابەستەگیی فەرهەنگی و پراکتیکی زمانی ڕۆژانەوە بووە. تەنانەت بابەتی گرنگی دیکەی هەمان ئەڵقەی وەک: کوردی وەک زمانی یەکەم، کوردی وەک زمانی دووهەم، جووتزمانی، فرەزمانی، زمانی دایک وەک سەرچاوەی فێربوون، زمانی دایک و کاریگەریی لەسەر فێربوونی زمانی دووهەم و زۆر بابەتی دیکە هێشتا بە وردی دەستیان بۆ نەبراون!
گەر بڕوانینە بابەتێکی وەک، کاریگەری زمانی دایک بۆ فێربوونی زمانی دووهەم، ئەوا دەبینین گەلێک لە زانایانی زمان ئاماژە بە ڕۆڵی گرنگی زمانی دایک لەو بوارەدا دەکەن. یەکێک لە هەرە دیارەکانی بواری پەروەردەناسی ڤیگۆتسکی (Lev Vygotsky 1896–1934)یە، کە بە وردی باس لە کاریگەرییە پۆزەتیڤەکانی زمانی دایک لە فێربوونی زمانی دووهەمدا دەکات و پێی وایە هەر توانایەک لە یەکێک لە ئاستەکانی زمان کاریگەرییەکی ڕاستەخۆ دادەنێت لەسەر بەدەستخستنی توانا لە هەمان ئاستی زمان لە فێربوونی زمانی دووهەمدا.
یەکێکی دیکەی وەک کەمینز (Cummins) لە بواری جووتزمانی و فێربوونی زمانی زیاتردا ئاماژە بە دیاردەی وابەستەگیی دوولایەنەی زمانی 1 و زمانی 2 دەکات.
گرنگی زانینی زمانی دایک بە جۆرێکە، کە لە هەندێک وڵاتانی دونیادا مافی خوێندن بە زمانی دایک بۆ بێگانان فەراهەم دەکەن، بەڵام نەک لەبەرئەوەی تەنها وەک مافێکی کولتوری و مرۆڤایەتی (وەک زۆر کەس تێیگەیشتوون)، بەڵکوو هۆکارەکەی ئەوەیە، کە دەڵێن گەر منداڵێک زمانی دایک بە باشی بزانێت، ئەوا ساناتر فێری زمانی دووهەم دەبێت، واتە وەک هۆکارێک بۆ فێربوونی زمانی سەرەکی وڵاتەکەیە و مەرامێکی پیداگوگی و زمانناسییانەی هەیە.
ئێمە گەر بڕوانینە گەلێک لە خەڵکانی خۆمان، کە ڕوو لە ولاتانی بێگانان دەکەن، بە شێوەیەکی گشتی، کێشەیەکی زۆریان لە فێربوونی زمانی بەرامبەردا بۆ دێتە پێشێ (بەتایبەت گەورەساڵان). هۆکاری هەرە سەرکیی ئەو دیاردەیەش ئەوەیە، کە لە بناغەدا تاکی ئێمە بە باشی زمانی دایک فێر نەکراوە. مەبەست بە تەنها ناو خێزان نییە، بەڵکوو کۆی ئەو سیستمی زمان فێرکردنەی لە قوتابخانە و تەنانەت دامودەزگا ئەکادیمی و زانستییەکانی وەک زانکۆشدا بەکاردەهێنرێت. ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لە توانای فێربوونی زمان بە گشتی لای ئەو تاکانە دادەنێت.
جێی سەرنجیشە، کە دەبینین ئەو کەسانەی لە سفرەوە دەست بە فێربوونی زمانێکی دیکە دەکەن لە دەرەوەی کوردستان (بە تایبەت ئەوانەی لە ڕێی قوتابخانە و کۆرسی چڕی زمان)ەوە تێهەڵدەچنەوە زۆریان وایان لێ دێت، کە بۆ نموونە لە ڕووی گراماتیک و فۆرمی نووسینی زمانەوە لە بە کوردی نووسین باشتر فێر دەبن و زۆرجاریش دەچنە دۆخێکەوە، کە جارێکی دیکە زمانە بێگانەکە دەکەنەوە پێوانە و پەیڕەو و سیستمێک بۆ فێربوونەوەی زمانی یەکەمی خۆیان بە باشی کە ئەویش زمانی دایک و لێرەدا کوردییە! واتە کاتێک زمانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، سویدی بەباشی فێردەبن ئیجا لە وردەکارییەکانی زمانی خۆیان دەکۆڵنەوە و هەوڵ دەدەن بە سیستماتیکانە زمانی کوردی فێربنەوە!
ئیدی تەنها ئەم دیاردەیە دەکرێت دەیان لێکۆڵینەوە و نامەی ماستەر و دکتۆرای لە بارەوە بنووسرێت.