کۆمپانیای ڕوسنفتی ڕوسی چووە ڕیزبەندی گەورە کۆمپانیاکانی جیهان بۆ کڕینی #نەوتی هەرێم#ی کوردستان، بەسیستمی پێدانی پێشوەختە و وەزیری سامانە سروشتیەکانیش ڕایدەگەیانێت ئەم گربەستە دەبێتە دەراوزەیەکی فراوان بۆ زیادکردتی هاوکاری نێوان هەرێمی کوردستان و ڕوسنفت.
لە بەیاننامەیەکدا ئیگور سیتیشن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕوسنفت ڕایگەیاند لەچوارچێوەی فراوانکردنی بازاڕەکانمان نەوتی خاوی کوردستان دەکڕین بۆ پاڵاوتگەکانمان لە ئەڵمانیا و گرێبەستەکە بۆ ماوەی نێوان 2017 بۆ 2019 بەردەوام دەبێت.
هاوکات ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند ئەو گرێبەستە نوێیە لەگەڵ ڕوسنفت واژۆکراوە، دەرگای بەرووی زیادکردنی هاریکاری نێوان هەرێمی کورستان و ڕوسنفت واڵا دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی سێ ساڵە بەشێوەی سەربەخۆ نەوت دەفرۆشێت، لەدوای دابەزینی نرخی نەوتیش حکومەتی هەرێم زیاتر لە 3 ملیار دۆلار قەرزی لە کۆمپانیا بازرگانییەکانی بتوارکو و جلینکور و ترافیجۆرا و حکومەتی تورکیا وەرگرتووە، لەبەرامبەر ئەوەی لە ئاییندەدا حکومەتی هەرێم نەوتیان پێبفرۆشێت.
لەسەرەتای سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتدا حکومەتی عێراق بەڵێنیدا ئەو کۆمپانیایانەی نەوت لە کوردستان دەکڕێت بداتە دادگا، بەڵام بەمدواییانە هەڵوێستی حکومەتی عێراق گۆڕاوە لەگەڵ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی کە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن.
21-02-2017