دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان لەساڵی 2017دا، پێشبینی دەکرێت ڕێژەی دانیشتوان لە هەرێمی کوردستان بگاتە 5 ملیۆن و 670 هەزار کەس، ڕێژەی بێکارییش لە کۆتایی ساڵی 2016 بەرزبۆتەوە بۆ 13.53%، واتە ڕێژەکە لە 90% زیادیکردووە، لە بەرامبەردا ڕێژەی هەژاری بوەتە 12.5% کە لە 62%ی بەهۆی ئاوارەکانەوەیە.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانی سەر بە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم، پێشبینیدەکرێت لە ساڵی 2017 ژمارەی دانیشوانی هەرێم بگاتە پێنج ملیۆن و 670 هەزار کەس بەمشێوەیە، هەولێر دوو ملیۆن و 50 هەزار کەس، سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین دوو ملیۆن و 70 هەزار کەس، دهۆک ژمارەیان ملیۆنێک و 370 هەزار کەس. لەو پێنج ملیۆن و 670 هەزار دانیشتوانەی هەرێم 51%یان نێرن و 49%یشیان مێینەن.
لەوبارەیەوە سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ، ئەوەدەخاتەڕوو، ئەو ڕێژەیەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە پێی پێشبینییەکانی دەستەی ئامارە بۆ ساڵی 2017 بەبێ بوونی ژمارەی ئاوارە و پەنابەرەکانی هەرێم.
سەرۆکی دەستەی ئامار، ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی چەند ساڵیکە گەشەکردنی ڕێژەی نێر و مێ لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە یەک ئاستدایە و ئەو دوو ڕەگەزە وەک یەک لە گەشەکردندان.
هەر بە پێی ئامارەکان ڕێژەی گەشەکردنی دانیشتوان تا ساڵی 2013 بووەتە 2.8%، بەڵام لە ئێستادا ڕێژەکە کەمبۆتەوە بۆ 2.6%، پارێزگای سلێمانی کەمترین ڕێژەی گەشەکردن و پارێزگای دهۆک زیاترین و هەولێریش لە نێوانیاندایە.
سیروان محەمەد ئاشکراشیکرد، ڕێژەی گەشەکردنی دانیشوانی هەرێم بەرەو کەمبوونەوەیە و بەهۆی شێوازەکانی ڕێکخستنەوەی ژیان و نەپیتاندنی هێلکە لە لایەن ئافرەتان و کەمکردنەوەی منداڵی دووەم.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 64 ساڵیدایە، 61% دانیشتوانی هەرێمی کوردستان پێکدێنن، ئەوانەشی تەمەنیان لە خوار 15 ساڵ بەخوارەوەیە لە 23%ی دانیشتوانی هەرێم پێکدەهێنن، لە 4%ی دانیشتوانی هەرێم ئەوانەن کە لە سەرووی 64 ساڵیەوەن. هەر بەپێی ئامارەکان 84%ی دانیشتوانی هەرێم شارنشینن و 16% یشیان گوندنشینن.
سەرۆکی دەستەی ئامار، ڕوونیشیکردەوە، عێراق و هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵگایەکی گەنج دادەنرێت بەو پێیەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم لە سەرووی 64 ساڵ لە 5% تێپەرناکات بەراورد بە وڵاتانی تر کە 10%یە.
ئامارەکەی وەزارەتی پلاندانان دەریدەخات ڕێژەی هەژاریی لەهەرێم لە ساڵی 2007، 4.7 بووە، لە ساڵی 2012 بۆتە 3.5%، لە سەرەتای ساڵی 2014 بۆ ساڵی 2017 بۆتە 12.5 کە لە 62% بەهۆی ئاوارەکانەوەبووە.
وەزارەتی پلاندانان لەبارەی ڕێژەی بێکاریی لەهەرێم، ئاماژەی بەوەکردووە، تا ساڵەکانی 2013،2012، 2014، 2015، ڕێژەی بێکاریی 6.53% بووە، لە کۆتایی ساڵی 2016 بەرزبۆتەوە بۆ 13.53%، واتە ڕێژەکە لە 90% زیادیکردووە.
سیروان مەحەمەد، لە بارەی زیادبوونی ڕێژەی هەژاری و بیکاری ئەوەدەخاتەڕوو، لەم دوو ساڵەی کۆتایدا ڕێژەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی تائێستا بە تەواوی نەتوانراوە لە ڕوپێوێکدا ئەو ڕێژەیە بە وردی دەربهێنن و بریاڕیشە لە 12ی ئازاری ئەم مانگە بە هاوکاری بانکی نێودەوڵەتی ڕووپێوێک ئەنجامبدەن لە بارەی ڕێژەی بێکاری.
هەربەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە سەرەتای ساڵی 2014 تا ناوەڕاستی ساڵی 2015 ژمارەی ئاوارەکانی هەرێم، ملێۆنێک و500 هەزار کەس بووە و لەگەڵ 200 هەزار پەنابەر، بەڵام لە ساڵی 2017 ئەو ڕێژەیە کەمبۆتەوە بۆ 900 هەزار ئاوارە و پەنابەر.
لەوبارەیەوە سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێم، وتی بەهۆی نەبوونی ڕووپێوێکی خۆیان پشتیان بە داتاکانی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بەستووە کە ئاماژەبەوەدەکەن ژمارەی ئاوارە و پەنابەر بۆ 900 هەزار کەس کەمبۆتەوە.
06-03-2017