هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد
نەخشەڕێگا کرچوکاڵەکان، پرۆژە دووبارە و سواوەکان، نیشانەی سەرگەردانی و پەرتەوازەبوونی هێزە سیاسییەکانی کوردستانن لە ئاستی هەژمونی دیکتاتۆرییەتی بارزانیدا. هەندێک لەم هێزانە تەنها چاوەڕوانییان بۆ ماوەتەوە، هەندێکیشیان خۆرەی بارزانی کاری تێکردوون و خەریکە بەرەو هەڵدێریان دەبات. لە هەردوو حاڵەتدا، بارزانی براوەیە!
هەڵوێستی ئەم هێزە سیاسییانە بەرامبەر بە برسیکردنی خەڵک، داڕمانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، پەکخستنی پەرلەمان، خۆسەپاندنی بارزانی، تاڵانکردنی نەوت و..... هتد، تەنها قسە بووە، هیچ هێزێکیان نەیتوانیوە زەڕەیەک لەو هەڵوێستە زارەکییانە بکاتە کردەوە. بەمەش، بە هەموولایەکیان یارمەتی بارزانیان داوە کە ببێتە ئەو کەڵەگایەی ئەمڕۆ دەیبینین.
ئەگەر ئەم بێ هەڵوێستیە بەرامبەر بە دۆخی ئێستای هەرێمە ڕووخاوەکەمان جارێک خیانەت بێت، ئەوا هەڵوێستی زارەکی ئەم لایەنانە بەرامبەر بە هێرشی جاشەکانی ئەردوغان بۆسەر خانەسۆر بە دە جار خیانەت هەژمار ئەکرێت.
لایەنەکان ئەم ڕووداوە وەک شەڕی براکووژی لەقەڵەم ئەدەن، لەکاتێکدا هەموو باش ئەزانین کە تەنها لایەنێکی ئەم شەڕە برامانن، لایەنەکەی تر جاشی تورکیان و لەسەر دەستی میت و سوپای خوێنڕێژی تورک مەشق وڕاهێنانیان پێ کراوە. ئایا حیزبەکانمان ئێستا ئەم لایەنەش بە برای خۆیان دائەنێن؟
لایەنەکان، بەتایبەتی ی.ن.ک.، کەڕ و لاڵن بەرامبەر بە خاوەندارییەتی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ هێرشی جاشەکانی ئەردوغان بۆ سەر خانەسۆر و لە قەڵەمدانی ئەم جاشانە وەکوو هێزی پێشمەرگە. لەکاتێکدا کە هەموو پێشمەرگەی یەکێیتی خۆیان بە برای گەریلا و شەڕڤانان و هێزەکانی بەرخودانی شەنگال ئەزانن وە لەشەڕی دژی داعش دا خوێنیان تێکەڵاو بووە. ئایا ئەمە تەنها هەڵوێستی یەکێیتییە دڵزەردەکانە کە لە مێژە شەرەفیان فرۆشتوە بە پارتی یاخود هەڵوێستی هەموو یەکێیتییە؟ ئایا گۆڕان چی لەوە خراپتری بەسەر دێت کە تائێستا بەدەستی بارزانی بەسەری هاتووە، ئەگەر بێت و هەڵوێستێکی ڕوونتر و بەهێزتر وەربگرێت؟
ئەوەی کە ئەمڕۆ جاشی نێودەوڵەتی، بارزانی، لەگەڵ ئەردوغانی وێرانکەردا پلانی بۆ دادەڕێژن، هەرێمی کوردستان ئەکاتە گۆڕەپانی ململانێیەکی خوێناوی هاوشێوەی سوریا وە یەکێک لە دەرئەنجامەکانیشی ئەوەئەبێت کە آل بارزان، بۆ 200 ساڵی ترێش حوکمی ئەم ووڵاتە بکەن وخوێنی ئەم میللەتە بمژن!
ئێوەش، هێزە سیاسییەکانی ئەم هەرێمە کە خوتان بە نوێنەری خەڵکی کوردستان دائەنێن، ئەمە دوا فرسەتتانە کە جورئەت بدەنە خۆتان و بە بارزانی بڵێن: ئیتر بەسە، هەرچەندە دڵنیام ئەم جورئەتەتان هەرگیز نابێت!
لێرەشەوە بە شێرەکانی قەندیل و هاوپەیمانانیان ئەڵێم، ئەگەر ئەمجارەش هێرشتان کرایە سەر، تکاتان لێ ئەکەم وەڵامێکی یەکلاکەرەوەتان هەبێت وە هەتا سەری ڕەش ڕامەوەستن! ئەوسا کوردی باشوور هەتا هەتایە سوپاسگوزاری ئێوە ئەبێت کە لەم شێرپەنجەیەی کە ناوی بارزانییە بەدەستی پیروزی ئێوە ڕزگار کران!
07-03-2017