دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
لەسەرەتایی ئەمساڵەوە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بە نوسراوێک ڕسوماتی لەسەر زەویە پیشەسازیەکان زیاد کرد بەجۆرێک بۆیەک مەتر زەوی لە 150 دینارەوە بۆ 2500 دینار بەرز کردەوەوبەوهۆیەشەوە زیاتر لە 2هەزارو 80 کارگە داخراون.
حکومەتی هەرێم لە سەرەتای ساڵی 2017ەوە ڕسوماتی لەسەر زەویە پیشەسازییەکان زیاد کرد بەجۆرێک حکومەت بە دوو شێواز ڕسوماتەکەی زیاد کردووە کە بەشێک لە کارگەکان دە ئەوەندەی پێشتر ڕسوماتیان لەسەر زیاد کراوەو بەشێکی تریش حەڤدە ئەوەندەی پێشوو باجیان لەسەر زیاد کراوە.
ئەم بڕیارەی حکومەت لەکاتێکدابوو پێشتر کارگەکان بۆ هەر مەترێک دووجا بڕی 150 دیناریان لێوەردەگیرا بەڵام ئەو ڕێژە لە 2017، بۆ هەرمەترێک دووجا بڕی دوو هەزارو 500 دینار لە خاوەن کارگەکان وەردەگیرێت، بەڵام بۆ هەندێک لە کارگەکانی تر پێدانی ڕسومات بە حکومەت زیاتر کراوە بەجۆرێک بەشێک لە کارگەو زەویە پیشەسازیەکان بۆ هەر مەترێک دووجا پێشتر 250 دیناریان وەک باج دەدا بە حکومەت بەڵام ئێستا ئەو ڕێژەیە بەرز بۆتەوە بۆ دوو هەزار و 500 دینار.
خەلەف ئەحمەد، بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە زیاد کردنی ڕسومات لەسەر کارگەکان بۆتە هۆکاری ئەوەی بەشێکی زۆر لە کارگەکان بەهۆی کەمی داهات نەتوانن باجەکە بدەن ئەمەش وای کردووە ژمارەیەکی زۆر لە کارگەکان دابخرێن.
خەلەف ئەحمەد، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند لەهەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزارو 600 کارگەی جۆراوجۆرو گەورەو بچووک هەن و لەئێستاشدا بەهۆی درێژ بوونەوەی قەیرانی دارایی زیاتر لە دوو هەزار لەو کارگانە پەکیان کەتووە.
وتیشی ئەگەر تا ئێرە پەک کەوتنی ئەم کارگانە ئاسایی بێت بەڵام بەهۆی ئەو بڕیارەی حکومەتی هەرێم کە لەسەرەتایی ئەمساڵەوە داویەتی بە بەرزکردنەوەی کرێی زەویە پیشەسازییەکان بە ڕێژەیەکی زۆر لەوەی پێشوو دەبێتە هۆکاری ئەوەی ژمارەیەکی زۆرتریش لە کارگەکان دابخرێن.
هاوکات بە پێی ئامارێکی وەزارەتی پیشەسازی و بارزگانی بەگشتی لە هەرێمی کوردستان سێ هەزارو 640 کارگەی جۆراوجۆر تا کۆتایی 2016 مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 2 هەزارو 80 کارگە داخراون و ژمارەیەکی زۆریشیان لەکار کەتوون.
حاجی سەلام ئەحمەد،خاوەنی کارگەی شیرنەمەنی لە شاری هەولێر بە دواڕۆژی وتساڵانی پێشووی لەماوەی مانگێکدا بڕی 853 هەزار دینارمان وەک باج بە حکومەت دەدا، بەڵام بەهۆی بڕیارێکەوە ئەمساڵ بۆیەک مانگ بڕی سێ ملیۆن و 700 هەزار دینارمان بە حکومەت دراوە ئەمەش وای کردووە قازانجێکی وا بۆ خاوەنی کارگەکە نەمێنێتەوە.
لەکارکەوتنی کارگەکانی هەرێم لەکاتێکدایە لەساڵانی بەرلە قەیرانی دارایی کەرتی پیشەسازی بوژانەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیبوو بەجۆرێک ببووە سەرچاوەیەکی باشی داهات بۆ حکومەت و ساڵانە بە ملیار دینار بەهۆی کارگەکانەوە دەچووە خەرێنەی حکومەت.
عەبدولرەزاق عوسمان، بەرێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی پیشەسازیی و بازرگانی حکومەتی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاندوەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران لەسەرەتای ئەم ساڵەوە ڕسوماتی کرێی زەویە پیشەسازیەکانی بەرێژەیەکی زۆر لەسەر خاوەن کارکەگەکان زیاد کرد بەجۆرێک پێشتر بۆ یەک مەتر زەوی 150 دینار وەردەگیرا بەڵام ئێستا بەپێی جۆری کارگەکە ئەو نرخە بەرز بۆتەوە بۆ دوو هەزارو 500 دینار.
عەبدولرەزاق عوسمان، ڕوونیشیکردەوەزیاد کردنی ڕسومات لەسەر زەوی کارگەکان کاریگەری خراپی لەسەر کاری پیشەسازی هەرێم دروستکردووە بەجۆرێک ئەمساڵ کەمترین گرێبەست بۆ دامەزراندنی کارگە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی ئەنجامدراوە وزەرەرێکی زۆری ئابووری خۆماڵی بەر ناوخۆی هەرێمیش کەوتووە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پیشەسازی وتیشی بەهۆی زیادکردنی ڕسومات لەسەر زەوی کارگەکان بەرێژەی لە%65 ی کارگەکان پەکیان کەتووە یان داخراون.
11-03-2017