خەندان-ئاڤان لەتیف
هاتنی وەرزی بەهارو یادی نەورۆز بازاڕی جلوبەرگی کوردی-یان بوژاندەوە، بەتایبەتی بازاڕی جلوبەرگی کوردی ژنان و کچان و گیرفانی بەتاڵی دوکاندارەکانی پڕکردەوە.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهارو نەورۆز، بەشێکی زۆر لە خەڵکی دەچنە بازاڕەکان بەمەبەستی کڕینی جلوبەرگی کوردی تا به و جلانەوە بەشداری لە ئاهەنگ و خۆشییەکانیان بکەن.
بازاڕی جلوبەرگی کوردی ڕۆژانی پێش هاتنی نەورۆز جمەیان دەهات له و کچ و ژنانەی دەیانویست جلوبەرگی کوردی ئاڵ و واڵا بکڕن.
دیمەنەکان ئه و ڕۆژانەی بازاڕ، پێچەوانەی جوڵەی ساردی بازاڕی چەند مانگی ڕابردووی ساڵ بوو، کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە تەواو ڕووی لە کزبوون کردبوو.
سەمیرە 35 ساڵ کە سەرقاڵی کڕینی جلوبەرگی کوردی بوو بەخەندانی وت ڕاستە قەیرانە، بەڵام خەڵک خۆی برسی بکات بۆ مانگێک هەر جلوبەرگری کوردی دەکڕێت، خۆم یەکێکم له و کەسانە.
وتیشی نەورۆزو جلی کوردی تازەگەرییە، نرخیش گران بووە.
دوکاندارەکان هەر زوو خۆیان بۆ ئه و ڕۆژانە ئامادەکردبوو، دوکانەکانیان بە مۆدێل و ڕەنگی نوێی جلوبەرگی کوردی ڕازاندبووەوە تا سەرنجی کڕیاران ڕابکێشن، بەشێکیشیان داشکاندنیان کردبوو بۆ ڕاکێشانی زیاتری کڕیار.
کاوە ڕەزا 33 ساڵ دوکاندار لەسلێمانی کە چەندین جۆر قوماشی جلوبەرگی کوردی لەدوکانەکەی نمایش کردبوو بۆ خەندان ئاماژەی بەوەکرد، قەیرانی دارایی کاریگەری زۆری لەسەر بازاڕ دروستکردووە، بەتایبەتی کە دوو بۆ سێ ساڵە بەردەوامە، بەڵام خەڵک تاڕادەیەک لەگەڵ دۆخەکە ڕاهاتووە.
کاوە دەڵێت کە پێشوازی خەڵک بۆ جلوبەرگی کوردی ئەمساڵ لەچاو پارو پێرار باشتر بووە خەڵک بەپێی گیرفانی جل دەکڕێت، هەیە گرانی ئەوێت و هەیە هەرزانی دەوێت.
نرخی قوماشی جلوبەرگی کوردی بەپێی جۆرەکەی گۆڕانی بەسەردا دێت، هەیانە هەرزانه و بە 10 بۆ 15 هەزار دینارە، جۆری دیکەش هەیە کە نرخەکەی دەگاتە 200 بۆ 300 هەزار دینار.
ژیلان 24 ساڵ کە ئەمساڵ بە کڕینی جلوبەرگری کوردی خۆی بۆ هاتنی بەهار ئامادەکردووە دەڵێت، هەرچەندە خەڵک بەخۆی قەیرانی داراییەوە دۆخی باش نییە، بەڵام جیاوازییەکە تا ئه و ڕادەیە نییە، چونکە نەورۆز بۆنەیەکی نەتەوەییه و بووەتە کلتور لەناو خەڵکدا.
زۆر کات خەڵک شت لەدەمی خۆی دەگڕێتەوە، بۆ ئەوەی ئه و کلتورە لەناوماندا بمێنێتەوە، هەربۆیە دەبینین هێشتا بازاڕی جلی کوردی جمەی دێت، ژیلان وايوت.
بوژانەوەی بازاڕی جلوبەرگی کوردی، بازاڕی بەرگدرووەکانیشی گەرمکردووە، کە بەپێی مۆدێلەکانیان نرخیان بۆ دورینی جلوبەرگەکان دیاریکردووە.
ئاسۆ عومەر 28 ساڵ کە سەرقاڵی دورینی جلوبەرگی کوردی ژنان بوو وتی بازاڕ ئەمساڵ مام ناوەند بوو، بەهۆی قەیرانی داراییەوە، تەنها لەبۆنەکاندا ئیش دەجوڵێت.
وتیشی نرخ بەڕێژەیەکی کەم گۆڕانی بەسەردا هاتووە لەچاو ساڵانی پێشوو.
21-03-2017