ئیسماعیل فەرەج
(6)
وێڕای ئەوەی لایەنەکانی تری پەیوەست بە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و مێژوویی و دیموگرافی و جوگرافی و زانستیو... هتد لە کوردستاندا وەک هەموو دنیا چەندین گۆڕانکاری و کاریگەری و هەنگاوی دیاری ئاڵوگۆڕکراوی بە خۆیەوە بینیووە. بەڵام وەک کرۆکی لایەنەکان لەو ئاڵوگۆڕو کاریگەریانەدا جگە لە دەموچاو گۆڕین و دەستاو دەستی پێگە بە پێی بەرژەوەندی بەرتەسکی حیزبایەتی هیچ گۆڕانکاریەکی ئەوتۆیان لە کرۆکی خۆیاندا دیاری نەکردووە. ئەمەش مانای ئاشکرا بوونی دوو سەردەم و ڕەوشە لە سێ سەردەم و ڕەوش. هەر چەندە وا پێویستی ئەکرد سەردەمی یەکەم و دووەم و بەو شێوەیە بڕوات، بەڵام ئێمە وەک نەتەوەی کورد لە بەشێکی دابڕاوی کوردستان بە گشتی، کە ئێستا ناونراوە هەرێمی کوردستانی ئێراق لە سەردەم و ڕەوشی یەکەمەوە کەوتینە سەردەم و ڕەوشی سێەمەوە. ئەمەش فاکتەری ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی خۆیی لە پشتەوەیە. بە هۆی بەهەند گرتنی بەرژەوەندی بەرتەسکی حیزبایەتی و پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی کەسی و پشکی شێرگرتن و خۆ بەزل گرتن بەسەر جەماوەرو بە لاوەنانی ڕاستەقینەی بەرژەوەندی گشتی و بێ هەڵوێستی و هاوبەشی نەکردنی سیاسی بە کردەوەی کۆمەڵانی خەڵکی هەرێم، سەردەم و ڕەوشی دووەممان تێپەڕاند. ئەم سەردەم و ڕەوشە مانای دیاری کردن و بەخۆداچوونەوە و هەڵسەنگاندن و بەراورد و داڕشتنەوەی پلان و دامەزراندنی ستراتیژ و دیسپلین و پرۆگرام ئەگرێتەوە. ئەم سۆنگەیە واتەی ئاڵوگۆڕو گۆڕانکاری کارو کردەوەو هەوڵدانە. واتەی گۆڕانکاری بونیادو بەخۆدا چوونەوەیە. واتەی سود وەرگرتنە لە ئەزموونێکی دوورو درێژی مێژوویی پڕ کارەسات. واتەی دیاریکردنی ئێستاو داهاتووە. نەبوونی ئەم لایەنانە واتەی دروست بوونی کەلێن ئەگرێتەوە. ئەگەر ئەم ڕەوشە ئاوا بەم شێوەیەی ئێستا پشتگوێ بخرێت و چاوی لێ داخەین و بە دەستی خۆمان هەڵیدینە پشتی خۆمانەوەو بە سەریاندا تێپەڕێین بێ ئەوەی گرنگی و بەهای خۆیانیان پێ بدرێت، ئەوە مانای بێ ڕێزی کردنمانە بە خاک بە جەماوەر بە نەتەوە بە مێژوو. جا ئیتر هەر کەس و لایەن و حیزب و ڕێکخراوێکی ناو کۆمەڵگەی کوردی ئەم بارە نەخوێنێتەوە ئەوە فاکتەری دیارو ئاشکرای چەقبەستن و کەفشتەیی ڕووی مادی و کۆمەڵایەتی سەردەمانەی خاک و خەڵکەو بە دووژمی نادیار ناوەزەند ئەکرێن.
(7)
ئەمرۆ تێڕوانینی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فیکری ڕاستەقینەی خەڵک و لایەن و حیزب و ڕێکخراوەکان ئاستەنگ نین ئەگەر بەر بە گەشەو پێشکەوتن و گۆڕانکاری شایستە نەگرن. کێ و چۆن وابەستەی ئەو سێ لایەنە بێت و هەوڵی کردەوەیی بۆ بدات و ڕووی ئاسۆیی و ستونی بە ئاستی شایستەو سەردەمانەوە مسۆگەر بکات، ئەوە باشترین و زۆرترین ڕێژەی پێشوازی و پشتگیری مسۆگەر کردووە. ئەوەشی دژی بووەستێتەوەو لە بەرژەوەندی نەبێت، یاخود ئەو هەوڵانە ببنە ئاستەنگ لەبەردەمیاندا ئەوە کەمینەیە. هەمیشە وابووە کەمینە دوای زۆرینە کەوتووە نەک بە پێچەوانەوە. ئەوانەشی تەنها بۆ مەبەستی دیاریکراو فشار ئەخەنە ڕوو ئەوانە لە شوێنی خۆیاندا نوزەبڕ ئەبن و بگرە بۆ کۆمەڵانی خەڵکیش ئەو گرنگیەیان نامێنێت.
ئەمڕۆ لە وڵاتی ئێمەدا حیزب و لایەن و ڕێکخراوو دام و دەزگاکانی حوکومەت ئاخنراون بەو کەسایەتی و بیرو بۆچوونانە. ئێستا هەلی چارەسەر زۆرە چونکە ئەو گەندەڵیە باوە خەسڵەتی نەتەوەیی و کەسایەتی کورد نین. بەردەوام خەڵکی لە کوردستاندا ئامادەیی گۆرانکاری پۆزەتیڤیان تیادایەو بە درێژایی مێژوو هەوڵیان بۆ داوە. ئەمە مێژوو سەلماندویەتی. ملدانی ئەو کەس و حیزب و لایەنانەی هەستی برەوی ئەو ناوازەییەیان بەرەو ڕوو بۆتەوە پێویستیان بە خۆ ساغ کردنەوەو داننان بە مێژووی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕاستگۆیانەی ئاشکراو نهێنی لایەنە پۆزەتیڤ و نەگەتیڤەکانیان هەیە.
پێویستە خۆیان دەستنیشانی بکەن، تاوەکو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بتوانن بڕیاری مانەوەی یاخود بە لاوەنانیان بدەن. ئەمە زۆر کێشە چارەسەر ئەکات. لە کۆی دیاردە هەڵتۆقیووە زەق و بەربڵاوەکانەوە ئەچنە سۆنگەیەکی شیاوی ئەوتۆ، کە تانوپۆی ناڕەزاییەکانی جەماوەر ئەپچڕێنن. ئەوە مانای گەورەیی هەوڵی ڕاستەقینەی چاکسازیە.
ئەگەر نا ئەوە لە وتووێژو بێنەوبەرەو کۆبوونەوەو خستنە ڕووی وتاری بێ بەرهەم زیاتر هیچی لێ سەوز نابێت. چونکە بەرژەوەندیە گشتیەکان زۆر زیاترن لە بوونی خودی ئەو کەسایەتی و بیرو بۆچوونانە. بیرو بۆچوون و ڕوونبیری ئەوتۆ لە ناو نەتەوەکەماندا پێگەیشتوون، کە سەردەم و کات زۆر بە گران ئەتوانێت دروستیان بکاتەوە. ئەم ڕایە لەوانەیە لای زۆر لایەن و چاودێری بێ لایەن پێ بە پێی ئەزموونەکانی خۆیان بە لایانەوە پەسەند بێت، چونکە ئێمە لە ماوەی ئەم دەیان ساڵەی حوکومڕانی خۆماندا، وەک کورد ئەگەر ئەزموونی خەباتی پێشینەمانی بخەینە سەر، ئەوە بە ڕادەیەکی کەم نەبێت هەوڵ نەدراوە بۆ کەم کردنەوەو بنبڕکردنی گەندەڵی و دەستەگەری.
(8)
زاڵ بوونی لایەنی بابەتی و بە هەندگرتنی بەرژەوەندیە گشتیەکان و هەوڵدان بۆ ئەو بوارانە مانای ڕاستی و دڵسۆزی و بە تەنگەوە هاتنی ئاشکرای بنەماکانی بەڕێوە بردنی سەردەمانەی کۆمەڵگەی کوردییە.
هۆکارو ڕێوگەی (مدخل) چارەسەر زۆرن مەرج نیە تەنها لە ڕووی سیاسیەوە بێت. ئەوەی ئەمڕۆ کەس ناتوانێت خۆی لێ لابدات ئەو هەلومەرجەیە، کە ئەم ڕەوش و ئەزموونە داهاتووی دوورو نزیکمان بەرەو مەترسی ڕاستەقینە ئەبات و ئاوات و خوزگەو پێداویستی و مافە مادی و مرۆڤایەتیەکانی گەلی کوردیان کەلەلا کردووە. خۆی لە دواکەوتەیی و بە لاوەخستنی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن و بەراوردکاری نەشیاودا ئەبینێتەوە. ئەمە کێشەیەکی مەترسیداری پۆخڵە بۆتە مایەی پاشکۆیی ئابوری و سیاسی. ویستی خۆ داکوتانە لە هەناوماندا. جا ئیتر ئەو پاشکۆییە کەسی بێت یاخود حیزبی یان حوکومی ئەوە هەرسێکیان تەواکەری یەکترن. لەق بوونی هەرکامێکیان ئەوە دووانەکەیتریان لەنگ ئەکات. ئەم لایەنە، تاوەکو ئێستا کاریگەری بەرچاوی لە ڕسکانی کۆمەڵگەی کوردی کردووەو ڕۆژانە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لە شێوازی مامەڵەو پەیوەندی و کارە ناوخۆیی و دەرەکیەکاندا هەستیان پێ ئەکەین و بابەتی مەترسیدارتری لێ هەڵ ئەهێنجرێت.
گرفتی وڵاتی ئێمە گرفتی دڵسۆزی و داهێنانی بیرو بۆچوونی شایستەو گونجاوی نەخشەو پلان و ڕێگە چارەی شیاو نییە، بەڵکو گرفت لەوەدایە، کە ئەو هەوڵ و چارەسەرو بیرکردنەوە داهێنەرانانەی ئەخرێنە پێش بێ خوێندنەوە ستراتیژیەتیان لێ دائەماڵرێ، وەک پێشتر باسم کرد لق و پۆپی سەردەم و ڕەوشی دووەم، کە وابەستەیە بە ئێستاو داهاتووی نەتەوەکەمانەوە لێی بە لاوە ئەنرێت. سەردەمی دۆزینەوەو دیالۆگ و ڕێکخستن و چالاکی بە کردەوەو هەڵسنگاندن و ئەوجا بەردەوامیان تیادا نابینیتەوە (نموونەی زۆر لە مێژووی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا هەیە)و نەکراونەتە فاکتەر بۆ داڕشتنەوەی بوونیادی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی. نۆژەن بوونەوەی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی سەرخان و بنخانی سەرمایەی مادی و مرۆیی و نەتەوەیی نەگرتۆتە خۆی. ئەم ڕەوشە زۆر کەس و لایەن لە ڕۆژنامەو هەواڵ و وتارو باسکردنیاندا هەوڵیان داوەو بەردەوام هەوڵ ئەدەن ئەم بابەتەو چەندین بابەتی مێژوویی پابەند بەم مەسەلەیە باس بکەن و لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی سەرکەوتوو لە کایەدا هەیە. بە تایبەتی ئەو بابەتانەی وەک بەڵگە نامەی مێژووی لە ماڵپەڕە کوردیەکان و تانانەت هەندێ ڕێپۆرتاژی خودی ڕاگەیاندنەکانی هەرێمەوە باس ئەکرێن. ئەیبەستنەوە بە دەستدرێژی و داپڵۆسین و سەرکوت کردنی گەل و لە ئاستێکدا واژۆی ئەکەن، کە بگاتە ئەو بارەی دنیای لێ ئاگادار بێت. ئەم هەوڵانەش، تاوەکو ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە بۆ جوڵاندنی هەستی نەتەوەیی و نیشتمان پەروەری و ڕەخساندنی هەلی لێپرسینەوە. بەرامبەر ئەم هەوڵانە فاکتەر هەیە، کە خودی خۆمان دروستمان کردوون. بە ئاشکرا لەو توانا مادیەوە هەوڵ ئەدەن خاک و نەتەوەو خوێن و سوتان و هەموو کارەسات و نەهامەتیەکان بە باسێکەوە گرێ بدەن و بیکەنە پاساو بۆ بەردەوامی ئەو بارودۆخە ناوازەیەو کردوویانەتە تراوما بۆ نەتەوەو دنیا.