ئیسماعیل فەرەج
(1)
زۆر جار لە ڕۆژنامەو گۆڤارو ماڵپەڕە ئەلەکترۆنی و شاشەی تەلەفیزۆنەکانەوە هەواڵ و شیکارو ڕاڤەکردن و چاوپێکەوتن و ڕێپۆرتاژو دیکۆمێنت و بۆچوونی جیاوازی ئەم ڕەوشە دزێوەی شەڕو گەندەڵی و بەرنامەی چاکسازی و هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی هێرش و مەترسی دەرەکی و گلەییو...هتد ئەبیستین و ئەبینین. لەگەڵیاندا گەیی و گازندەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری لە ناو خەڵکیدا تا دێت بەرەو بەرفراوانی ئەڕوات. نەهامەتی و هەڵەی سەرکرایەتییەکان، بەردەوام دووبارەو چەند بارە ئەبنەوە. نەک هەر تەنها لە ڕاگەیاندنە بە ناو ئەهلی و ئۆپۆزیسێۆنەکانی جارانەوە، بەڵکو ئەم بابەتانە لە ڕاگەیاندنەکانی حیزب و لە ناو خودی لایەنگران و خەڵک و خۆشیانەوە باس ئەکرێن.
لایەنە سیاسیەکان لە وڵاتی ئێمەدا، تاوەکو ئەمڕۆ نەیانتوانیووە خواست و پێداویستیەکانی خاک و خەڵکی کوردستانی بە شێوەی پێویست بهێننەدی، هەر بۆیە نەیانتوانیووە میکانیزمی پڕۆژەیەکی چاکسازی مادی یاخود کۆمەڵایەتی بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە. یاخود بە لایەنی کەمەوە توانیبێتان، وەک پێویست لە بەرژەوندی گشتیدا زۆرینەی خەڵک بە لای خۆیاندا ڕابکێشێن. بابەتی لەو شێوەیە خۆی لە خستنە ڕووی ڕەواڵەتی کێشەکاندا نابینێتەوە، بەڵکو پێویستی بە چەندین هەنگاو هەیە تاوەکو سەرە داوی پێویستیەکان بە یاساو ڕێسایی شایستە پلان و نەخشەی شیاوی بۆ دابڕێژرێت. پێویستە شێوە یاسایەک بێت، کەسایەتی و لایەنی بەرپرس نەتوانن خۆیانی لێلابدەن، یاخود پشت گوێیان بخەن و خۆیان بەسەر یاساکانەوە گەورە بگرن. ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی هەوڵدان بۆ چاکسازی و نۆژەن بوونەوەو گەشەپێدان لە ڕووی مادی و مرۆڤایەتیەوە بریتین لە میکانیزمی هەنگاونانی گەشەو پێشکەوتن و گۆڕانکاری، کە بە شێویەکی ستوون ئاسا لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی و حوکومەتی بێ لایەندا بەرەو ئاسمان هەڵکشێ. نەبوونی یاخود لاوازی ئەم بابەتە لەم ڕۆژگارەدا زۆر بە چاکی لە شێوازی پەیوەندی و هاوبەشی بە کردەوەو بە دەنگەوە هاتنی خەڵک و سەرکردایەتییە سیاسیەکاندا هەست پێ ئەکرێت.
(2)
وڵاتی ئێمە بە زۆر ئاستەنگ و کێشەو دیاردەی دزیوی مادی و مرۆڤایەتی قانگ دراوە. هەموو ئەو دیاردەو کێشانەش بە سیاسەتەوە لکێندراوەو یەک لەسەر یەک مۆڵیان خواردووە. هەموو پێشنیارو داواکاری و پێویستییە گرنگەکانی پرسی نەتەوەیی و خاک، کە بە شێوەیەکی زارەکی لەسەر سینی ئاڵتونی پێشکەشی سەرکردایەتیە سیاسیەکان ئەکرێن. سەرکردایەتییەکانیش بە هۆی هەندێ مەرجی تایبەت و شێوازی پەیوەندیی سواوەوە لە دۆڵابی چاوەڕوانیدا ئەیانپارێزن. گرفتەکە لێرەدایە چونکە هەر خاڵێک، کە باس ئەکرێت پێویستی بە بەراوردو هەڵسەنگاندن و بە دوادا چوونی سەربەخۆ هەیە بەو شێویەی هەر لایەنێکیان تەواوکاری ئەویتریان بێت. لە هەمان کاتیشدا سەربەخۆیی خۆشیان لە دەست نەدەن. ئەم ڕەوشە وابەستەی نێوان دەسەڵات و سەرکردایەتییە سیاسیەکان نیە، بەڵکو پێویستی بە دەزگایەکی بێ لایەنی کارای ئازادو ئازا هەیە، کە سەرپەرشتیان بکات. ئەو دەزگایەش ناوی حوکومەتی لێنراوە. ئەگەر ئەم هەنگاوە نەنرێت ئەوە خستنە ڕوو یان پێشنیار یاخود نەخشە ڕێگاو شتی لەم بابەتە هیچی لێ سەوز نابێت جگە لە کولانەوەو کەڵەکە بوونی ئاستەنگەکان نەبێت. ئەم بابەتانە جەماوەریان لێ تێر بووە، وایان لێهاتووە گوێ بەو ڕاڤەو بۆچوونانە نەدەن، کە ئەخرێنە ڕوو جگە لەوەی خۆیان مەبەستیانە. ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ مرۆڤی کورد، کە خۆی لە خولانەوەی دەوری سینیەکەدا ئەبینێتەوە، هیچ گەشەو پێشکەوتن و گۆرانکاریەکی ئەوتۆی پێوە دیارنیە، تاوەکو بتوانێت بوونیادی خۆی و نەتەوە بەرەو نۆژەن بوونەوە یاخود گۆرانکاری بوونیادنەرانە بەرێت.
(3)
ئێمە وەک نەتەوەیەکی پەنجا ملێۆن و زیاتر لەم ناوچەیەدا، کە ناونراوە کوردستان و بە پێی ئەو سەرچاوانەی تاوەکو ئەمڕۆ لەبەردەستان یان دەماودەم پێمان گەیشتووە بەڵگەی ئەوەن، کە ئێمەی کورد خاوەنی هەوڵ و تێکۆشان و خەباتێکی بێ وچانی مێژووی کۆن و نوێی نەتەوایەتین.
پاش ئەو هەموو شۆڕش و بەرخودان و تێکۆشانە، تاوەکو کۆتاییەکانی چارەکی سەدەی ڕابردوو لە نسکۆی ساڵی 1975 وە، کە زۆر بواری مادی و سیاسی و ڕسکانی کۆمەڵگەیی و نەتەوەیی کوردی لەگەڵ خۆیدا تووشی نسکۆ کرد. لە هەمان کاتیشدا بووە فاکتەری بووژانەوەیەکیتری نوێ لە دروستبوونەوەی سەرەتایەکی نوێ بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشێکی نوێ. جارێکیتر هەوڵدرا بە گیانێکی ترو شێوازێکی نوێتر مەبەستی گەورەی خاک و نەتەوەی کورد بگەیەنرێتە ئەو ترۆپکەی سەربەخۆیی و ئازادی و مافی چارەنووس بۆ کۆمەڵگەی کورد مسۆگەر بکات.
ئەم لایەنە باسوخواسی زۆر لە خۆی ئەگرێت، چونکە هەر لەو سەرەتایەوە ڕووی جۆرە ئاڵۆسکانێکی جوڵانەوەو دەست بە کار بوونی خەبات و ستریک و ئامانجەکانی حیزب و لایەن و ڕێکخراوەکانیتر ئاشکرا ئەبن. ئەو ئاڵۆسکانە خۆی لە دووبارە بوونەوەی شێوازو تەرزی شۆڕشی پێشاندا بینییەوە. لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی بوونە فاکتەری گەشەو بەرەو پێشچوونیان، ئەگەر نووسراوبن یاخود لە ڕێگەی ئەزموون و گێڕانەوەی دەماودەمەوە بێت، ئەوە شتێک نابینینەوە، کە چارەسەرێکی ڕیشەیی بابەتە سەرەکیەکانی خاک و دانیشتوانی کوردستانی بە درێژایی ئەو مێژووە کردبێت.
ئەو سەردەمەی سەرهەڵدانەوەی شۆڕش سەردەمێکی هەستیار بوو. ئەکرێت بە بناغەی دامەزراندن و دەست بەکاربوونی بەرژەوەندی گشتی بخەمڵێنرێت. ئیتر هەر لایەن و حیزب و ڕێکخراوێکی پێش ساڵی 1975و پاش ئەو مێژووە بە پێی دەسەڵات و ڕاستگۆیی و بنەی دامەزراندنەکەی مێژووی خۆی دائەڕێژێت و ئەیخاتە ڕوو. هەر چەند خزمەتکردنی بەرژەوەندی گشتی وابەستەی تەمەنی دەست بەکاربوون نیە ئەوەندەی وابەستەیە بە بەرنامەو پرۆگرام و مەبەستی خزمەتەکەوە. لێرەوە خەڵک پێویستی بە تێڕوانینی وردو وشیارانە ئەبێت، تاوەکو لایەنە نەگەتیڤەکانی ئەو بە خۆدا هەڵدان و منەت کردنە بە خوێنی دڵسۆزانی ئەم نەتەوەیەوە بخەنە سەر ڕەوتی ڕاستەقینەی خۆی و سنوری بۆ دابنێن، تاوەکو نەگاتە ئەوەی بوارە جوان و شایستەکانی هەوڵ و تێکۆشان و خوێن و خەباتی دڵسۆزانی تیادا سەرەو نووخن بکرێت، بەڵکو دیدو بۆچوونی پۆزەتیڤانە تیاندا بکرێتە ئەزموون، چونکە ئەو ئەزموونە لێوان لێوە لە خۆبەختکردنی ڕۆڵە دڵسۆزەکانی ئەم نەتەوەیە. ئەوانە توانیویانە خەسڵەتێکی پۆزەتیڤ بهێننەبەر، کە بە خوێنی خۆیان هەوڵی ڕۆژگارێکیان ئەنەخشاند، کە مانای بوون و ژیانەوە بکەن بە بەری نەتەوەیەکدا.
(4)
ئەو دڵسۆزانە بۆ ئەم سەردەمە ئەیانەوێت مانا دزێوە ناجۆرە ناوازەکانی نەهامەتی و کارەساتی سیاسی بەرەو کاڵ بوونەوە ڕاپێچ بکەن. ویستیانە هەموو ئەو بوارە دزێوانە بگۆڕن. بۆ ئەوەی سیاسەت مانای بەرژەەندی و گۆڕانکاری و چارەسەرو هەوڵدانی سەردەمانەی مادی و کۆمەڵایەتی گشت کۆمەڵانی خەڵکی خاکی کوردستان بێت. ویستیانە کۆمەڵانی خەڵک بە کردەوە هاوبەشی ئەو خەباتە بکەن، تاوەکو برەو بەو لایەنانە بدەن، کە مێژوویەکی دووروو درێژە لێی بێ بەش بوون. ئەو کاتەی ئەم ڕەوشە گرنگە بکەوێتە سەرپێی خۆی و بەرەو سنوری پێگەیشتن هەنگاو بنێت، ئەوە ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوەیە بە دیدی شیاو بە گیانێکی پڕ لە خۆ بووردنەوە پێشوازی لێ ئەکەن.
زۆربەی لایەن و حیزب و ڕێکخراوەکان لە کاتێکی هەستیاری وەک ئەمڕۆدا ناکەونە هاتوهاواری زیندووکردنەوەی دووبەرەکی و تیژکردنەوەی چەقۆی ناکۆکی و دژایەتی بێ بنەمان، کە بە هیچ شێوەیەک خزمەتی لایەنە گرنگەکەی ترمان ناکات. بەڵام ئەوەندە هەیە پێویستە ڕاستی ڕووداوەکان و لادان لە بەرژەوەندی گشتی پاساوی چەواشەکاریان بۆ نەهێنرێتەوە. هەر لە سنوری ئەو پاساوانەوە شەڕە دەمێ و شەڕە چەپۆک و یەکتر ڕاونان و یەکتر کوشتن زیندوو نەکرێنەوە. نموونەی زۆری ئەم ڕەوشە لە مێژووی خەباتی نوێدا بەرچاو ئەکەوێت. گەیشتن بە پلەی خۆخۆری دەرەنجامە نهێنیەکانی شۆرەندبوونی دەرەکی و بەرژەوەندیە بەرتەسکەکانی بۆ ئەکرێتە پاساو.
ئەگەر لە سەردەمە مێژووییەکانی پێشانەوە بۆ ئێستا وردبینەوە ئەبینین ئەگەر دژایەتی سەری هەڵدابێت و مەترسی یەخەی پێگرتبن، یاخود ڕاسپاردەیەکیان گەشتبێتێ و ترسی بچووک بوونەوەی ڕووی ئاسۆیی، یاخود فاکتەری باڵا دەستی لایەنێکیان کەوتبێتە مەترسیەوە لە پێناوی بۆ نەهاتنە دی یاخود هەڵوەشاندنەوەی پلانەکانی خۆیاندا، ئەوە ناچار بوون یاخود ناچاریان کردوون ئەگەر کاتیش بووبێت جۆرە ڕێکەوتنێک یان تێکەڵاویەکی ڕەواڵەت ئاسا ساز بکەن. سەرنەکەوتن و بەردەوام نەبوونی ئەو ڕێکەوتنانە چەندین پاساوی مێژوویی خۆیان هەیە. (بڕوانە ڕێککەوتن نامەکانی جود، جەوقەدو... هتد) زۆر جار لە ڕۆژنامە گۆڤارو کتێبە یاداشتنامەییەکان و ماڵپەڕە کوردیەکاندا بەرچاو ئەکەون. ئەم کردارانە بەردەوام لە کایەدابوون، تاوەکو ئەوکاتەی بەرەی کوردستانی دروست بوو. هەر لەوێشەوە جارێکیتر شەڕو خۆکوژیان دەست پێکردەوە.
سەردەمێکی زۆر دوور نیە بە پەیمانی ستراتیژی هێور بۆتەوە، بەڵام ناوەڕۆکی پەیمانی ستراتیژی کامەیەو کێ ئەزانێت؟ خۆ ئەگەر بەپێی گۆڕانکاریەکان نۆژەن نەکرێتەوە، ئەوە هەر نهێنی و کارەساتێکیتری لە پشتەوەیە.
(5)
لە پاش ساڵی 1988و ڕاگرتنی شەڕی نێوان ئێراق و ئێران، شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال و کیمیابارانی ناوچە کوردنشینەکان و ڕاگواستنی گوندەکان دەستی پێکرد، وەک چۆن لە پاش نسکۆی ساڵی 1975 ڕاگواستنی گوندەکانی سەرسنور بە لێشاو لە کۆمەڵگەی زۆرەملێییدا جێگیریان کردن، ئەوە ئەمجارە نەهامەتی و کارەساتی گەورەتری بە دوای خۆیدا هێناوە. فاکتەری ئەو کارەسات و نەهامەتیانە ئێستاشی لەگەڵدابێت بە ناوچە دابڕاوەکانەوە جگە لە گێڕانەوەی دەماودەم و زیندوو کردنەوەی ئەو تراومایە، تاوەکو ئەمڕۆ بە دواداچوون و هەڵسەنگاندنی شیاوی بۆ نەکراوە. بەڵگەی زیندوو حاشا هەڵنەگر نەکەوتوونەتە بەر دەست کۆمەڵانی خەڵک جگە لە هەندێ نووسین و بڵاوکراوەی لاوەکی هەناسە کورت نەبێت، کە لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن.
بەڵام هۆکاری ڕاستەقینە لە لای چەندین خاوەن پێگەو کەسایەتی ناو سەرکردایەتیەکاندا ڕاستین و ئەزانرێت و نایاندرکێنن. تاوەکو ئەمڕۆ فاکتەری کارەساتەکان هەروا بە نهێنی ماونەتەوەو نەکەوتوونەتە بەر تیشکی لێکدانەوەو سودی بەرچاویان لێوەرنەگیراوە. بۆیە بوونەتە مایەی چەواشەکاری زۆرو بۆ ئەمڕۆش پاساوەکانی ئەم جۆرە بیرو بۆچوونانە لە ناو خەڵکدا ئەکتیڤن.
لە پاش ڕاپەڕینە جەماوەریەکەی بەهاری1991و شار بەدەرکردنی ڕژێمی(البعث و صدام) لە کوردستاندا لە پاش دابڕانێکی سێ ساڵی بە هەمان بیرکردنەوەی شاخەوە حیزب و لایەنە سیاسیەکان خۆیان خزاندەوە ناو خەڵک، کە بە هۆی دڕندەیی ڕژێم و بێ بەدیلیەوە جارێکیتر کۆمەڵانی خەڵک پێشوازیەکی بێ وێنەیان لێ کردن. ئەو هەلە قۆسترایەوەو بە پەلە پڕوسکێ هەموویان بێ جیاوازی کەوتنە خۆیان. هەرچەند جەماوەری ستەم دیدەی ژێر دەسەڵاتی دڕندەترین دیکتاتۆری سەردەم هۆکاری ئەو بەرەو پیرچوونە بوو، بەڵام ئەوان توانیان هەوڵ بدەن پشکی شێر بۆ خۆیان بەرجەستە بکەن. ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەو شێوازە کارکردنەوە خەریکن. بە هەمان بەرنامەو پرۆگرام و ڕوونبیری و خۆسەپاندن و دژایەتی بێبنەماو وڵات و هەرێم ئەبرێت بەڕێوە.