شاهۆ حوسێنی
پێشەکی:
بەهەر ڕێژەیەک کە ئێران لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری نزیک دەبێتەوە هێرشەکان و هەرەشەکان بۆ سەر حەسەنی ڕۆحانی و باڵی ڕێفۆرمخواز بەربڵاوتر و چرتر دەبێتەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشی سێ قۆڵی ڕێبەر، مەجلیسی هەڵکەوتەکانی نیزام(خبرگان)، شۆرای پارێزەری یاسای بنەرەتی(شورای نگهبان) بۆ سەر حەسەنی ڕۆحانی، دەکرێ وەک چرترین و ڕێک وپێک ترین هێرش دەستنیشان بکرێ، بەجۆرێ کە بەشیکی زۆر لە خاوەن ڕایان لەسەر ئەو باوەرەن کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بەتەمایە بە کەڵک وەرگرتن لە شۆرای پارێزەری یاسای بنەرەتی کە سەرۆکەکەی ئایەتووڵڵا جەنەتییە و ئەسەڵی چاوەدێری ئیستیسوابی کە بەکەڵ وەرگرتن لەو ئەسڵە سەڵاحییەتی ئەو کەسانە دیاری دەکرێت بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکان وەک پاڵێوراو، سەڵاحییەتی حەسەنی ڕۆحانی وەک پاڵێوراو بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران ڕەد بکەنەوە، هەرچەند ئەوە ئارەزووی باڵی بناژۆخوازی کۆماری ئیسلامیە، بەڵام سیگناڵەکانی وەدی هاتنی ئەو هیوایە جارێ لاوازە.
ئامەنجەکانی هەرەشە لە ڕۆحانی :
بێ گومان هەرەشە سێ قۆڵێکەی ئەم دوایانە بۆسەر حەسەن ڕۆحانی، دەتوانێ لە یەکەم هەنگاودا لەخۆگری حەول و تەقەللای بناژۆخوازەکان بۆ یەک دەورە کردنی سەرۆک کۆماری حەسەنی ڕۆحانی و هەرچی زیاتر پەراوێز خستنی ڕێفۆرمخوازەکان و بەرەی سەر به هاشمی ڕەفسەنجانی بێت بە تایبەت لەپاش مەرگی هاشمی (هەڵبەت ئەو تەقەللا و هیوایەی بناژۆخوازەکان لزوومەن بەمانای هارایی ژۆری فکر و ئیلیتی دارێژەری بەرژەوەندێکانی گشتی نیزام نیە)، لە هەمان کاتیش دا دەتوانێ بەمانای گووشاری زیاتر بۆ سەر ڕۆحانی بێت بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز و ڕانتی زیاتر و گوێ ڕایەڵتر بوونی ڕۆحانی بۆ بناژوێخوازەکان، سپای پاسداران و دوور بوونەوەی لە ڕێفۆرمخوازەکان(ئەوە لەکاتێک دایە کە هەم ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و هەم بناژۆخوازەکان بەردەوام گوشاریان خستۆتە سەر حەسەنی ڕۆحانی بۆ دوورە پەرێزی کردن لە ڕێفۆرمخوازەکان، کەڵک وەرگرتنی زیاتر لە بناژۆخوازەکان، کەسایەتێ ئەمنێکانی سەربە سوپای پاسداران بۆ پۆستە گرینگەکانی حکوومی و خۆپاراستن لە هێرش بۆسەر دەورانی سەرۆک کۆماری مەحموودی ئەحمەدی نژاد)، هەروەها دەتوانێ تاکتیکێک بێت بۆ سازکردنی کەشێکی ڕەوانی و ئاوساندنی کۆمەڵگا بۆ ڕاکێشانیان بۆسەر سەندووقەکانی دەنگ دان و کەڵکی کەرەسەیی وەرگرتن لە بەشداری بەربەرینی خەڵک لەلایەن نیزامەوە بەمانای مەشروعییەتی نیزامی سیاسی. هەڵبەت لەهەموشیان گرینگ تر ڕەخساندنی هەل و دەرفەتیکی لەبار بۆ دیاری کردنی ڕێبەری داهاتووی ئێران هەر لە باڵی بناژۆخواز و زیاتر پاوان کردنی دەسەڵات و هێژمۆنتر بوونیان لە ئێرانی پەسا خامنەییە
ئاکام:
نابێ لەبیر بکرێت لە پاش سەرۆک کۆماری مەحموودی ئەحمەدی نژاد کە بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی ڕێبەر و بەهەزینەیەکی زۆر و قەڵشیکی گەورە لەنێوان ئەندامانی ئیلیتی سیاسیدا هاتە سەرکار، هەموو کێشە و هێرشەکان ڕاستەوخۆ گەرانەوە سەر ڕێبەر و وەدەرکەوتنی گەندەڵێکان و دزیە لەهەژمار نەهاتۆکانی سەردەمی ئەو، گشتی بە حیسابی ڕێبەر نووسراون، هەر بۆیە ڕێبەر وێناچێ ئەو جارە بەو شێوەیە و ڕاستەوخۆ پشتیوانی کەسێکی تر بکات بۆ سەرۆک کۆماری و ئیزن دەدات بە ڕۆحانی بۆ چوارساڵی تریش بمێنێتەوە هەتا مەودایەکی زەمانی زیاتر بکەوێتە دەورانی سەرۆک کۆماری ئەحمەدی نژاد و بە مانەوەی ڕواڵەتیانەی ڕۆحانی و بەشیک لە ڕێفۆرمخوازەکان لەدەسەڵاتێکی تەنگەبەر و لەژێر گوشاردا کە مەجالی سەرکەوتنی گەڵاڵەکانیان لێ ئەستاندراوەتەو و بەرتەسک کراوەتەوە، تا هەم بە کۆمەڵگا نیشان بدات کە ڕۆحانی و ڕێفۆرمخوازەکان هیچیان نەکرد و هەمیش بە کەشێکی ڕەوانی ئارامترەوە مەجال بۆ مەیدان داری بناژۆخوازەکان برەخسێنێ.
ئەوەی لەو بەینەدا ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە کە هێنانە سەرکاری هەر سەرۆک کۆمارێکی تر جگە لە ڕۆحانی بەمانای تیری خەڵاسە بۆ جەستەی نیوەگیانی کۆماری ئیسلامی، بۆیە ڕەنگە ئەو هیرشە هاوکات هەموو ئامانجە ناوبردراوەکانی هەبێ، جگە لە یەک دەورە کردنی سەرۆک کۆماری ڕۆحانی.