دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ڕێژەی باجی مانەوەی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد و بەپێی بڕیارەکەش لە 10%ی ڕێژەکە زیادکراوە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریداوە لەمەودوا هەر کرێکارێکی بیانی کە لە دەرەوی هەرێم دێت ئەگەر هاووڵاتی یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ نەبێت، ساڵانە بڕی ملیۆنێک و 200 هەزار دیناری لێوەربگیرێت، بەڵام بۆ ساڵانی دووەم و سێهەم بڕی 460 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت وەک باج لە بڕی مانەوە و نوێکردنەوەی مۆڵەت.
هەر بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ، ئه و کرێکارانەی لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران و تورکیاوە بێن ساڵانە تەنها بڕی 360 هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت، بەڵام ئەگەر بۆ ساڵی دووەم و سێهەم بمێننەوە بڕی 300 هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ئێستادا نزیکەی 4 هەزار کرێکاری بیانی، وەک کرێکاری خزمەتکاری ماڵان یاخود لە پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن.
هەمزە زێوەیی، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند زیادکردنی ئه و باجە پەیوەندی بە وەزارەتەکەی ئەوانەوە نییە و لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە زیادکراوە.
لای خۆیەوە سامی جەلال، بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستەڕوو، دیاریکردنی ئه و ڕێژەیە دوای دیراسەکردن و لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە دیاریکراوە.
03-04-2017