دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە 30%ی کارەبای هەرێمی کوردستان بەفیڕۆدەچێت، بۆ دانانی پێوەری زیرەکیش پێویستیان بە بڕی 150 ملیۆن دۆلارە.
محەمەد ئەمین هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ئه و کارەبایەی کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت بەهۆی نەبوونی پێوەری زیرەک و نەبوونی هۆشیاری و زیادەڕەویی لە 30% کارەباکە بەفیڕۆدەچێت، بۆ دانانی پێوەری زیرەکی ماڵانیش پێویستیان بە 150 ملیۆن دۆلارە.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر وەزارەتی کارەبا چەند پێوەرێکی زیرەکیان تاقیکردۆتەوە لە ماڵان، بەڵام ئه و پێوەرانە سەرکەوتوو نەبوون، ئەوان پێویستیان بەوەیە چەند پێوەرێکی جیاواز لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە بخرێنەڕوو پاشان باشترینیان هەڵبژێردرێت.
محەمەد ئەمین هەورامی، ئاشکراشیکرد، وەزارەتی کارەبا لە ئێستادا ملیۆنێک و 400 هەزار هاوبەشی هەیە و لە 75%ی خەرجییەکانی کارەباش لە ئەستۆی حکومەتە و لە 25%ی لە ئەستۆی هاووڵاتیانە و پارەیان لێوەردەگیرێت.
ناوبراو، وتیشی پێوەری زیرەک جگە لە ڕێگریکردن لە زیادەڕەویکردن لەسەر هێڵەکان، دەبێتە هۆکاری دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ هاووڵاتیان.
03-04-2017