دەزگای گشتی کاروباری مین لەهەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تائێستا 65%ی خاکی پیس بووی هەرێمی کوردستان لە مین و تەقەمەنی پاککراوەتەوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە ملیۆنان مەتر دووجا زەوی.
دەزگاکە ئەمڕۆ لەبەیاننامەیەکدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی هۆشیاکردنەوە لە مین و پشتگیریکردنی کاروباری مین کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە ئاماژەی بەوەکردووە، سەرەڕای قەیرانی دارایی و شەڕی داعش بەردەوامبووە لەکاروچالاکیەکانی بۆ پاککردنەوەی خاکی هەرێمی کوردستان و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان لەمەترسیەکانی مین و تەقەمەنی.
هەروەها دەڵێت، تائێستا توانیویەتی 65%ی خاکی پیس بووی هەرێمی کوردستان پاک بکاتەوە کە خۆی دەبینێتەوە لە ملیۆنان مەتر دووجا زەوی کە لە ئێستادا بەکاردەهێنرێت بۆ کشتوکاڵ و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابووری، هەروەها لەرێگەی تیمەکانی هۆشیارکردنەوەوە توانیویەتی سەدان هەزار هاوڵاتی هۆشیاربکاتەوە لەمەترسی مین کەهۆکاربووە بۆپاراستنی گیانیان لەو مەرگە شاراوەیە.
دەزگای مین باسی لەوەشکردووە، هەرچەندە قەیرانی دارایی و شەڕی داعش بارگرانیەکی گەورە بووە بەسەر چالاکیەکانیەوە، بەڵام توانیویانە ڕووبەرێکی فراوان لە خاکی هەرێمی کوردستان لە مین و تەقەمەنی پاک بکەنەوەو شان بەشانی هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕ هەزاران بۆمبی چێندراویان پوچەڵ کردووەتەوە.
لە ئێستادا دەزگای مین بە هاوکاری ڕێکخراوە نێودەڵەتیەکان و ووڵاتانی کۆمەک بەخش بەردەوامە لەپاککردنەوەی سەرجەم ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تابەزوویی ئەو ناوچانە پاک بکرێتەوە و ئاوارەکان بگەرێنەوە بۆشوێنەکانی خۆیان و جارێکی تر ژیان بگەرێتەوە بۆ ئەو ناوچانە.
دەزگای مین داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هاوکاری زیاتریان بن تا بتوانن بە زوویی خاکی کوردستان لە مین و تەقەمەنی پاک بکەنەوە. هەروەها داوا لەحکومەتی هەرێم دەکات چاو بخشێنێتەوە بە سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچەی کارمەندانی دەزگاکەدا.
04-04-2017