دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتی ڕەوشی ئاوارە و پەنابەرانی لەهەرێمی کوردستان بۆ دووساڵ بڵاوکردەووە و بە پێی ڕاپۆرتەکە خزمەتگوزاریی کەمپەکان خراپە و ژنان و مندڵانیش ڕووبەرووی چەندین گیروگرفت بونەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 4 نیسانی 2017 دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە شاری هەولێر ڕاپۆرتی ڕەوشی ئاوارە و پەنابەرانی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
زیا پەترۆس، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ڕایگەیاند ئەم ڕاپۆرتە بە هەماهەنگی چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئامادە کراوە ماوەی دووساڵە کاری لەسەرکراوە، هەروەها حکومەتی عێڕاق وەک پێویست هاوکار نەبوە.
رونیشی کردەوە، کە لەهەرێمی کوردسان 9 کەمپی تایبەت بەپەنابەران هەیە لە هەولێر چوار و دهۆک چوار و لەسلێمانی یەک کەمپ هەن لەناو ئەو کەمپەکانەشدا 71 هەزار و 940 خێزانی پەنابەر هەیە، کە 219 هەزار و 468 کەسن و کە 38% لەکەمپەکان دەژین و لە 62% لەدەرەوەی کەمپەکان دەژین.
باسی لەوەشکرد، کە لە کەمپەکانی هەولێر 27 حاڵەتی توندوتیژی سێکسی تۆمارکراوە و 24 حاڵەتی توندوتیژی جەستەیش هەبوە، زیاتر لە 100 خوێندکاریش وازیان لە خوێندن هێناوە و بارودۆخۆی کەمپەکانیش پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەیە.
زیا پەترۆس، وتیشی خزمەتگوزاریی بە گشتی و تەندروستی و پەروەردە بەتایبەتی لە کەمپەکان خراپەو ژنان و منداڵانیش باجی چەندین کەم و کوڕی دەدەن و پێچەوانەی پەیماننامە نێودەوڵەتیەکانە.
04-04-2017