دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاشکرایدەکات، لە ساڵانی ڕابردوو لە بەرامبەر فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە پارێزگاکانی هەرێم و ئیدارەی گەرمیان حکومەتی هەرێم مانگانە نزیکەی 6 ملیار دینار خەرجی هەبووە، بەڵام بەهۆی وەرگرتنی پارەی زبڵ و خاشاکەوە ئه و خەرجییە بە ڕێژەی 75% کەمدەبێتەوە.
عەبدولحەمید مەجید، بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ڕۆژانە لەهەولێر 2 هەزارو 400 تۆن و لە سلێمانی هەزارو 2000 تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش نزیکەی 1000 تۆن زبڵ و خاشاک فڕێدەدرێت، له ساڵانی ڕابردوو لەبەرامبەر فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە پارێزگاکانی هەرێم و ئیدارەی گەرمیان حکومەت مانگانە لەسەرووی 6 ملیارو 940 ملیۆن دیناری دەدا بە کۆمپانیاکان.
عەبدولحەمید مەجید، ئەوەشی خستەڕوو دوای وەرگرتنی پارەی فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە ماڵان بە بڕی 3 بۆ 5 هەزار دینار پێشبینیدەکرێت ئه و خەرجیانە بەرێژەی لە 75% کەمبێتەوە.
عەبدولحەمید، ئەوەشی خستەڕوو، لە پارێزگای دهۆک لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکی بۆ لێک جیاکردنەوەی خاشاک گرێبەستێکیان بۆ ماوەی 10 ساڵ واژوو کردووە ئەم کۆمپانیایە ڕۆژانە لە شاری دهۆک و قەزای ئاکرێ نزیکەی 630 تۆن خاشاک لە ئۆتۆمبێڵەکانی شارەوانی وەردەگرن و دوای جیا کردنەوەی پێکهاتەی زبڵ و خاشاکەکان نایلۆن و کارتۆنەکان هەناردەی تورکیا دەکات.
ناوبراو، وتیشی بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاک دەبێت حکومەت خۆی کارەکە ئەنجام بدات و کارگەی لێک جیا کردنەوەی پێکهاتەکانی زبڵ و خاشاک دابمەزرێنێت لە ڕێگەی ئەم کارگانەوە دەتوانێ مانگانە بڕێک لە داهات لە ڕێگای فڕێدانی زبڵ و خاشاکەوە بە دەستبێنێتەوە.
04-04-2017