دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاشکرایدەکات، پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی گەنم بۆ ئەمساڵ ڕوو لە زیادبوون بکات، بەڵام بەهۆی وەرنەگرتنی بەرهەمی جۆ لە لایەن هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێژەی بەرهەمهێنانی جۆ لە 60% کەمیکردوە.
ئەنوەر عومەر، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ئەمساڵ چاوەڕواندەکرێت زیاتر لە 400 هەزار تەن زیاتر گەنم بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەرهەمبهێنرێت، بەمەش ڕێژەی بەرهەمهێنانی گەنم دەگاتە ملیۆنێک و 700 هەزار تەن.
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی ناوخۆی بە گەنم تەنها 600 هەزار تەنە، ئەوەی دەمێنێتەوە دەیفرۆشێت بە حکومەتی ناوەندی و لە پلانیشدایە بەشێک له و گەنمە هەناردەی دەرەوەی وڵات بکات.
ئەوەشی وت بەهۆی نەکڕینەوەی بەرهەمی جۆ لە ساڵی 2010وە لە لایەن هەردوو حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان و قەیرانی دارایی و پاڵپشتی نەکردنی جوتیاران، چاندن و بەرهەمهێنانی جۆ بەر ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردوە بەجۆرێک ڕێژەکە بۆ لە 60% کەمبوەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاماژەشی بەوەکرد، هەرێم ساڵانە پێویستی ناوخۆی بۆ دانەویڵه و ئالیکی جۆ بە نزیکەی زیاتر لە 500 هەزار تەنە، بەڵام لە ئێستادا تەنها نیوەی ئه و ڕێژەیە بەرهەمدەهێنرێت.
باسی لەوەشکرد ڕووبەری چێنراو بە بەرهەمی جۆ کەمیکردووە، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو پڕۆژه و میکانیزمی گونجاو دەگرێتەبەر، بە مەبەستی زیادکردنی بەرهەمی جۆ و هاندان و پاڵپشتی جوتیاران بۆ چاندنی جۆ.
ئه و بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕوونیشیکردەوە، هەرێمی کوردستان خاوەنی 8 سایلۆیە، لە ئێستاشدا 4 سایلۆ لە هەرێمی کوردستان دروستدەکرێن، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی ناتوانرێت تەواو بکرێن، ئەگەری هەیە بدرێت بە کەرتی تایبەت.
06-04-2017