دواڕۆژ، ئارام سەعید
بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لەکارگەیەکی بەرهەمهێنانی دەرمان ئاشکرای دەکات هەرچەند کارگەکەیان لەکوردستانە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم نییە لەکاتێکدا لەساڵی ڕابردوو 50 ملیۆن پاکەت حەبیان بە وەزارەتی تەندروستی عێراق فرۆشتووە.
ژوان بارام ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە کۆمپانیای ئاوامیدیکا بەدواڕۆژی ڕاگەیاند تاوەکو ئێستا 136 جۆر دەرمانمان خستوەتە بازاڕ و ئامادەکاریشمان کردووە بۆئەوەی 80 جۆری دیکەش دەرمان ڕەوانەی بازاڕەکان بکەین.
سەبارەت بە پلانی داهاتووشیان، ژوان وتی کارگەی ئاوامیدیکا لەسەر ستانداردێکی جیهانی دروستکراوە و تائێستا 12جۆر دەرمانمان ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوە کردووە و پلانمان هەیە لەساڵی 2018 دەرمان ڕەوانەی ئەوروپا و ئەفغانستان و ئوردنیش بکەین.
سەبارەت بەپەیوەندییەکانی کارگەی ئاوامیدیکا و وەزارەتی تەندروستی هەرێم، ژوان وتیشی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی عێراق، سیستەمێکی زۆرباشی کڕینی دەرمانی هەیە و پەیوەندییەکی تۆکمەمان هەیە، ساڵی ڕابردوو 50 ملیۆن پاکەت حەبمان بە وەزارەتی تەندروستی عێراق فرۆشتووە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستەمی کڕینی دەرمانی نییە و پەیوەندیمان لەگەڵیان نییە.
08-04-2017