دواڕۆژ، عیماد جەباری
فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک دەستگیرکردنی 394 داواکراو و گومانلێکراوی ڕاگەیاند لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شارەکەوە، باسی لەوەشکرد کە لەم مانگەدا 24 چەکداری داعش لەلایەن دادگای کەرکووکەوە سزای یاسایی دراون.
عەمید خەتاب عومەر، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە دواڕۆژ ئامادەیبوو ڕایگەیاند لەم مانگەدا هەردوو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی کەرکووک (یەکێتی _ پارتی) 222 گومانلێکراویان دەستگیرکردووە کە ژمارەیەک لەدەستگیرکراوەکان بەمادەی 4 ی تیرۆر داواکراوبوون.
وتیشی دەزگا ئەمنییە جیاوازەکانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ لەکەرکووک لەم مانگەدا توانیویانە 172 داواکراو دەستگیربکەن و ڕادەستی دادگای کەرکووکیان بکەن.
فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد کە لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەکانەوە 2 باندی دزینی ماڵان دەستگیرکراون.
عەمید خەتاب ڕاشیگەیاند لەم مانگەدا دادگای کەرکووک سزای جیاوازی بەسەر 24 چەکداری داعشدا سەپاند کە لەلایەن پۆلیسی قەزا و ناحیەکانەوە دەستگیرکرابوون.
25-04-2017