بەرەبەیانی ئەمڕۆ 25-4-2017 فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەچەند هێرشێکی دڕندانەدا بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤانانیان لە چیای شنگال و چیای قەرەچووغی سەربەناوچەی دێریکی ڕۆژئاوای کوردستان بۆردومان کرد و له ئەنجامدا ژمارەیەک پێشمەرگە و شەڕڤان شەهید و برینداربوون.
بۆردومانکردنی ئەم ناوچانەی کوردستان لەلایەن هێزە ئاسمانیەکانی تورکیا، ئەوپەڕی دڕندەیی و دوژمنکاری دەوڵەتی تورکیا دژ به گەلی کوردستان دەگەیەنێ و لەهەمان کاتدا پێشێلکردنی سەروەری خاکی کوردستان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، تورکیا هەموو کات دژی کورد و دەستکەوتەکانی بووە و ئەمە یەکەم جار نییە تورکیا کۆمەڵکوژی لەدژی کورد ئەنجامدەدا.
ئێمە له یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK، ئیدانەی ئەم هێرشە ئاسمانیانەی دەوڵەتی تورکیا دەکەین و بەکارێکی شەڕانگێزی دەزانین، لەبەرئەوەی هەموو دونیا ئاگادارە پێشمەرگە و شەڕڤانان لەهەموو لایەکەوە شەڕی تاقمی تیرۆریستی داعش دەکەن و بوونەتە هۆکاری سەرەکی شکست و شکاندنی داعش لەهەموو بەرەکانی چەنگەوە، بۆیە ئێمە بانگ لە تەواوی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین سنورێک بۆ دەوڵەتی تورکیا دابنێن و،لێنەگەڕێن تورکیا جارێکی دیکە سنووری کوردستان ببەزێنی و ناوچە کوردییەکان لەفرۆکەکان و ئەرتەشی تورکیا قەدەغە بکەن، لەبەرئەوەی تورکیا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ سیاسەتی داگیرکارانەی زێتر و فراوانتر دەکات و، هیچ کات دەست لە سیاسەتی شەڕانگێزی و دژایەتی گەلی کوردستان هەڵناگرێ.
لێرەوە پرسه و سەرەخۆشی خۆمان بە خانەوادەی شەهیدان ڕادەگەیەنێن و هیوای زووچاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین و داوا لەهەموو هێزو لایەنه کوردستانیەکانیش دەکەین بەزووترین کات لەکۆبوونەوەیەکی فراوانی سەرجەم هیزو لایەنەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان هەر چی کێشە و گرفت هەیە لەنێوانیان بەگیانێکی برایانە چارەسەری بکەن و بەهەموو لایەکمان پارێزگاری لەمافەکانی گەلی کوردستان و دەستکەوتەکانی لە باشوور و ڕۆژئاوا بکەین.
- نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی ڕێی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان.
- مردن و ڕوو ڕەشی بۆ داگیرکەران و دوژمنانی کوردستان.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
هەولێر - باشووری کوردستان
25-04-2017