وشیار بیاوێڵەیی، کە ناوێکی دیارە لە باشوری کوردستان توانیویەتی زیاتر لە دوو هەزار مینی چەتەکانی داعش پوچەڵ بکاتەوە، هەروەها لەڕێگەی دروستکردنی مۆزەخانەیەکەوە سەرجەم ئەو مین و تەقەمەنیانە نمایش دەکات کە کۆی کردونەتەوە.
وشیار بیاوێڵەیی کە بە وشیاری مین-یش ناسراوە، لە ساڵی 1981وە سەرقاڵی کۆکردنەوەو پوچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنییە و تا ئێستاش زیاتر لە دوو ملیۆن و 386 هەزار مین و تەقەمەنی جۆراو جۆری لەناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان هەڵگرتوەتەوە هەر لەو پێناوەشدا هەردوو قاچی لەدەستداوە و لەشەڕی چەتەکانی داعشیشدا بریندار بووە.
وشیار بیاوێڵەیی، لەبارەی ئەو کارە مەترسیدارەی کە ئەنجامی دەدات بۆ ڕۆژنیوز بەم جۆرە قسەی کرد: من لە ساڵی 1981وە بەبێ دابڕان خەریکی کۆکردنەوە و پوچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنیم لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، هەر لەو پێناوەشدا هەر دوو قاچەکانم لەدەستداوە، بەڵام من شانازی دەکەم کە لە پێناو ڕزگارکردنی مرۆڤەکاندا بەشێکی زۆری جەستەم بەخشیوە.
وشیار وتی: لە ماوەی کارکردنم لە هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنیدا توانیومە زیاتر لە دوو ملیۆن و 386 هەزار مین و تەقەمەنی جۆراو جۆر لەناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان هەڵبگرمەوە، هەروەها لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشیش لەناوچەی باشوری کەرکووک و چەند ناوچەیەکی سەر بەپارێزگای موسڵ زیاتر لە دوو هەزار و 500 مینی چێندراوم پوچەڵکردوتەوەو بەشێکی زۆریانم لای خۆم پاراستووە.
ئەوەشی خستەڕوو: ماوەی چەند ڕۆژێکە سەرقاڵی دروستکردنی مۆزەخانەیەکی تایبەتم بۆ ئەوەی کە جۆرە جیاوازەکانی ئەو مین و تەقەمەنیانەی کە لەماوەی ڕابردودا هەڵمگرتونەتەوە لەو مۆزەخانیەدا نمایشیان بکەم، ئەوەش وەک ئاشناکردنی هاوڵاتیان بە جۆرە جیاوازەکانی مین و تەقەمەنی و خۆپاراستنیان لەهەر جێگایەک بیان بینن، چونکە هەندێک جۆری مین هەیە هێشتا لای هاوڵاتیان نەناسراوە.
30-04-2017