بەرپرسێکی سەندیکای کرێکاران ڕایدەگەیەنێت، لەمساڵدا 16 کرێکار لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستدا و لە تەنیا دوو مانگیشدا 150 کرێکار بریندار و کەمئەندام بوون.
عوسمان حەمەسەعید، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئایاری 2017 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بەپێی ئامارەکانمان لەمساڵدا 16 کرێکار لە هەرێمی کوردستان لەسەر کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی تریش برینداربوون.
وتیشی، ئەوەی کە زۆر دیارە و ڕووداوەکانیان جێی نیگەرانییە تەنها لە مانگی 1 و 2ی ئەمساڵدا زیاتر لە 150 کرێکار لەکاتی کارکردندا بریندار و کەمئەندام بوون. ئاماژەشیدا، لەگەڵ ئەوەشدا لەمساڵدا زیاتر لە 80 هەزار کرێکار لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە بیمەکراون کە ڕێژەکە بەراورد بە ساڵانی 2015 و 2016 زیاترە.
عوسمان حەمەسەعید ڕاشیگەیاند، وەک سەندیکا چەندین جار هەوڵی دەستبەرکردنی مافی کرێکاریان داوە و بەردەوامیش دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ باشکردنی گوزەرانی کرێکاران و فەراهەمکردنی مافەکانیان.
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی ئاماژەشیدا پڕۆسەی باشکردنی ژیانی کرێکاران، پڕۆسەیەکی درێژخایەن و هەمەلایەنە و بەردەوامی هەیە، لەهەوڵداین بۆ ڕێنمایکردنی کرێکاران بۆ بەکارهێنانی کڵاو و جلوبەرگی تایبەت بۆ پارێزگاریی لەخۆکردنیان لە هەموو ڕووداوێک. هەروەها چاودێریکردنی کۆمپانیاکان بۆ بەکارهێنانی لایەنەکانی سەلامەتی و دابینکردنی بیمەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی.
رۆژی 1ی ئایاری 1886 کرێکاران لە شاری شیکاگۆی ئەمریکا مانگرتنێکی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند بۆ کەمکردنەوەی کاتەکانی کارکردن. زیاتر لە 350 هەزار کرێکار بەشدارییان لەو مانگرتنەکەدا کرد. ساڵانەش لە دوای ئەو ڕۆژەوە لە چەندین وڵاتدا ڕۆژی 1 ی ئایار وەک ڕۆژی جیهانیی کرێکاران دیاریکراوە.
01-05-2017