دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
نەورۆز مەولود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت، ملیۆنێک و 300 هەزار گەشتیار ڕوویان لەهەرێمی کوردستان و شوێنە گەشتیارییەکان کردووە و بە هۆیەوە نزیکەی 700 ملیۆن دۆلاریان هێناوەتە هەرێمی کوردستان.
ئەم وتانەی نەورۆز مەولود، ە میانی بەشداریکردنی بوو لەپانێڵێکی تایبەت بەئەڵتەرناتیڤی پترۆڵ بۆ گەشەپێدانی ئابوری هەرێمی کوردستان و کەرتەکانی گەشت و گوزار و کشتوکاڵ و پیشەسازی کە دوێنێ 3 ئایاری 2017 لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
نەورۆز مەولود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە حکومەتی هەرێم ڕونی کردەوە بەهۆی جێبەجێکردنی ئەو پلان و بەرنامەیەی داماننابوو بۆ هێنانی گەشتیاران ملیۆنێک و 300 هەزار گەشتیار ڕوویان لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و بەپێی لێکدانەوە و مەزندەکردنی ئێمەش لەسەر هاتنی ئەو ژمارە گەشتیارە نزیکەی 700 ملیۆن دۆلاریان هێناوەتە هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی تری قسەکانی، وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار باسی لەوەکرد، کە گرێبەستیان لەگەڵ 70 کۆمپانیا کردوە بۆ ئەوەی گەشتیار بهێننە هەرێمی کوردستان.
پێشتر دواڕۆژ لەسەر زاری نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بڵاوی کردبوەوە کە هاتنی گەشتیار لە شێوەی گروپ ئاسانکاریی تەواویان بۆ دەکرێت، هەروەها بەشێک لە هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان داشکاندنیان بۆ دەکەن و کۆمپانیاکانیش گرەنتی ئەمنی ئەو کەسانە دەکەن کە وەک گەشتیار دەیانهێننە کوردستان.
04-05-2017