گوندی گڵێجال کە ئێستا ناوەندی ناحیەی بەمۆیە، مێژوویەکی کۆنی هەیە، ودوای ئاوەدانکردنەوەیشی یەکێکەبووە لەگوندە گەورەکانی پشت کێوی بەمۆ، بە زاراوەی ئەمڕۆ ئەم شارەدێیە پێکهاتووە لە کۆمەلێ بنەماڵە کە ناچنە وە سەر یەک بەرەباب، بەڵام هەموویان سەر بە خێڵە ڕەسەنەکانی جافن، و هەموویشیان گڵێجاڵ کۆیان دەکاتەوە ولە ئێستاشدا خۆیان بە عەشیرەتی گڵێجاڵ دەناسێنن، لە مێژووی ئەم گوندەدا خوێندەواری لێنەبڕاوە ئەگەر سەرکوتکردن نەبوایە لە لایەن ئاغا و شێخەدەرەبەگەکانەوە، زاناو خەڵکی چاکسازیخوازی گەورەیان لێ هەڵدەکەوت کە پرشنگی زانست و ئیسڵاح خوازیان هەموو ئەو ناوچەیەی ڕووناک دەکردەوە، یەکێک لەو زانا گەور ە و ئیسڵاح تەڵەبانە مەلایوسف بووە، کەدەرکەوتن و چاوکراوەیی ئەو پیاوە ڕووداوێکی گەورەبوو بۆ ئەو ناوچە دوورە دەست و سنوور نشینە، ئەم پیاوە ڕووبەڕووی ستەمکاری بوویەوە کە بەناوی دینەوە لەو خەڵکە دەکرا لە سەرانە وەرگرتن و پاوانکردنی دەسەڵاتی دین ودنیا بە ناوی ئایینەوە، هەنگاوە چاکسازیخوازەکانی ئەم زانایە ناحەزانی خەڵکی ناوچەکەی توشی هەناسەسواری کرد ولە کۆتاییدا لەلایەن یەکێک لە چەتەکانی شێخە دەرەبەگێکەوە و دوور لە ڕێبازی دین وتەریقەت وسلوکی باپیرە گەورەیانەوە، لە ساڵی 1947 بەغەدر شەهید کرا، کوشتنی مەلا یوسف تاڵانکردن وسوتاندنی گوندە کەشی بەدوادا هات، بۆیە ئەو ڕووداوە کاریگەری نیگەتیڤی هەبوو لەسەر ڕووحیەتی تەسلیمبوون لەلایەن ئەو مەلایانەی دواتر هاتن ڵەو گوندەو وگوندەکانیتری دەورووبەر.
ئەم گوندە بەشداری کاریگەریان هەبووە لە شۆڕشی ئەیلول وچەندین شەهیدیان پێشکەش بە شۆڕش کردووە و فەرماندەی هەڵکەوتوشیان هەبووە لە شۆرشدا و ڕۆڵی باشیشیان هەبووە لە ڕێکخستنەکانی شۆرشی نوێی گەلەکەماندا، ولەئێستاشدا بەشداریان بەرچاوە لە هێزی پێشمەرگه ی کوردستان.وژیانی حیزبایەتی لە هەرێمی کوردستان
زۆربەی خەڵکی ئەم گوندە بەوە ناسراون قسە خۆش و وەڵامی حازر بە دەمیان پێیە بۆ هەموو قسەیەک، یەکێک لەو کەسانەی کەناسراوەو قسە وبەسەرهاتەکانی دەوترێتەوە وبەسەر زمانی خەڵکەوەیه (مامە حسێن ی فەتاحە)، کە پیاوێکی قسەزان وخۆش مەجلیس بوو، داخەکەم لەکاتی خۆیدا کەس نەبوو قسە وبەسەرهاتەکانی مامەحسێن بگەیەنێتە مامۆستا عەلادین سەجادی بۆ ئەوەی بەرگێکیتر بۆ ڕشتەی مرواریەکەی زیاد بکات.
ئەو کەسەش کە شایەنی ئەوەیە کاتێک باسی ناحیەی بەمۆ دەکرێت ناوی بهێنرێت حاجی مەحموی تەڵاخانە پیاوێکی کۆڵنەدەر و ماندوو نەناس، کە من خۆم ئاگاداری ئەوەم چەندێک زەحمەتی کێشا تا ناحیەیەکی کردەوە بۆ پشت کێوی بەمۆ و ناوەندەکەشی بردە گوندەکەی خۆیان کە گوندی گڵێجاڵە.ئەو هەوڵە حاجی مەحموی ڕەحمەتی ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە ئاوەدانکردنەوەی گڵێجاڵ وهێشتنەوەی بە ئاوەدانی وچۆڵنەبوونی ناوچەکەش لە دانیشتوان.
ئەم گوندە لە سەرەتای سەدەی ڕابردوو و تاکۆتایی شۆرشی ئەیلول بەهۆی پێکهاتەکەیەوەو و هەڵکەوتەکەی کە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی تاوگۆزی و خێڵی باوا، توشی کێشە وئاریشەی زۆربوون وهەندێجاریش ناحەقیان بەرامبەرکراوە وهەندێجاریش هەندێ خەڵکی خۆیان کێشەیان بۆ هێناون، بەڵام دوای ڕاگواستنی گوندەکانی پشت کێوی بەمۆ خەڵکی ئەم گوندە ڕزگاریان بوو لەو ململانیانە وتا ڕادەیەکی باشیش خۆیان ڕێکخست لە چوارچێوەی عەشیرەتێک هەر بەناوی (گڵێجاڵەوە)، وگوندەکەشیان کرد بە مەرکەزی ناحیەی بەمۆ. وئێستاش گەورەترین گوندە یان شارە دێیە لە پشت کێوی بەمۆ.