وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بە پێکهێنانی بۆردی توێژینەوەی زانستی و بڕی 100 ملیۆن دینار بۆ بۆردەکە تەرخانکرد.
عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە ڕایگەیاند ئەم بۆردە کار بۆ ئاراستەکردن و پشتیوانیکردنی چالاکی توێژینەوەی زانستی لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی گرەنتی ساڵانە دەکات.
وتیشی کە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی بۆردەکە بڕی 100 ملیۆن دینار وەک گرەنتی یەکەم پێشکەش بەبۆردی توێژینەوەی زانستی کراوە، تا لە ڕێگەی پێشبڕکێ بدرێتە بەپرۆپۆزەڵی ئەو توێژێنەوانەی کە دەچنە خزمەتی چارەسەرکردنی بابەتەکانی تایبەت بەهەرێم.
عەباس ئەکرەم وتیشی لەئێستادا بۆردەکە دەرگای پێشکەشکردنی پڕۆپۆزەڵی توێژینەوەکانی بەڕوی توێژەرانی هەرێمەکەمان کردووەتەوە.
باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا وەزارەتەکەیان سەرقاڵی ڕێکخستنی گرێبەستێکە لەگەڵ یەکێک لە بەناوبانگترین دامەزراوەکانی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی بۆ ئەوەی بتوانن دەرفەتی گەیشتن بەسەرچاوە و گۆڤار و بڵاوکراوە زانستیە نێودەوڵەتیەکان بۆ توێژەرانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بڕخسێنن.
07-05-2017