دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم ئاشکرای دەکات لە کۆی 218 پرۆژەی سەرەکی تەنها 58 پڕۆژەیان تەواوکراون و دەشڵێت، بۆ تەواوکردنی ئه و پڕۆژانەی تەواو نەکراون حکومەت پێویستی بە یەک ملیارو 400 ملیۆن دۆلار هەیە.
دەرباز کۆسرت ڕەسوڵ، وەزیری ئاوەدانکردنەوە ونیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە13ی ئایاری2017 بە ماڵپەری سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی ڕاگەیاند، زۆربەی پرۆژە سەرەکیەکانی وەزارەتەکەیان، بەهۆی ئه و قەیرانەی لە ساڵی 2014 بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە دواکەوتوون، هەروەها بۆتە هۆی دواکەوتنی پێدانی مافە داراییەکانی بەڵێندەرانیش، کە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلارە.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆی 218 پرۆژەی سەرەکی تەنها 56 پڕۆژەیان تەواوکردووه و ئەوانەشی ماونەتەوە بەهۆی قەیرانەوە بە سستی کارەکان بەڕێوەدەچن پێویسته کە سەرجەم پرۆژەکان پرۆژەی ژێرخان وگەورەن، وەک پرۆژەی ڕێگای هێڵی خێرا کە دروستکردنی کیلۆمەترێک لەم ڕێگایە پێویستی بە نزیکەی سێ ملیۆن دۆلار هەیە.
دەرباز کۆسرەت، ئەوشی خستۆتەڕوو، بۆ تەواوکردنی پرۆژەکانی ڕێگاوبان و نیشتەجێبوون کە 97 پرۆژەی ستراتیژین و تا ئێستا تەواو نەکراون، حکومەت پێویستی بە زیاتر له یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلار هەیە.
ئه و وەزیرەی حکومەتی هەرێم ڕونیکردۆتەوە هەندێ پڕۆژە هەیە جگە لە قەیرانی دارایی کە کێشەی بۆ دروستبووە، کێشەی تەکنیکیش بۆتە هۆکاری تەواونەبوونەکە وپێداچوونەوە بەسەریان کراوە کە بزانرێت گرفتیان چییە و چۆن چارەسەر دەکرێن و لە داهاتوودا ئەگەر پرۆژەکان کەوتنەوە بواری جێبەجێکردن، چۆن بە باشترین شێوە جێبەجێ بکرێن.
لەبارەی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و بچوککردنەوەی قەبارەی حکوومەت، دەرباز کۆسرەت هێمای بۆ ئەوەکردوە، وەزارەت پرۆژەیەکی ئامادەکردووە کە هەندێ بەرێوەبەرایەتی بکرێن بە کۆمپانیای گشتی بۆ ئەوەی خۆیان بەرێوەببەن و خزمەتگوزاریی باشتر پێشکەش بە هاووڵاتیان بکەن.
14-05-2017