دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا ڕەوشی کارەبا و بڕی خەرجی و داهاتی وەزارەتەکەیان و پێشنیازەکان بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا ئاشکرادەکات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بەڕەوشی کارەبای هەرێم کە کۆپییەکی دەست دواڕۆژ کەوتووە ئاماژەبەوەکراوە، تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵی 2014، خەرجی کارەبا ساڵانە لە هەرێمی کوردستان سێ ملیار و چوار سەد ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام داهاتی کۆکراوەی ساڵانەی کارەبا لە باشترین حاڵەتدا گەیشتۆتە (300) ملیۆن دۆلار، لەکاتێکدا خەرجی کارگێڕی وەزارەتی کارەبا بە موچەکانیانەوە بریتیە لە (200) ملیۆن دۆلار.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی کارەبا لە ساڵانی ڕابردوودا بەشی گەورەی خەرجی کارەبا بریتییە لە کڕینی گازوایل (دیزل) بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەلایەن کەرتی تایبەت کە ساڵانە دەکاتە دوو ملیار دۆلار، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا خەرجییەکان بەرێژەی لە 75% کەمکراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێم نزیکەی (71) ملیۆن دۆلار کرێی کارەبای تورکیا قەرزارە، ئەمە جگە لە هەندێ قەرزی ناوچەی پێنجوێن کە هی وڵاتی ئێرانە.
لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی کارەبادا ئەوەخراوەتەڕوو، نرخی فرۆشتنەوەی کارەبا لە هەرێم بۆ بەشداربووانی تۆڕی خزمەتگوزاری کارەبای نیشتمانی یەک کیلۆ وات بە (1) سەنت دەدرێتە هاووڵاتی، ئەمە لەکاتێکدایە نرخی یەک کیلۆ وات لەسەر حکومەت بە (200) دینار دەوەستێت، لە ئەمساڵیشەوە نرخی پێدانی کارەبا بۆ کۆمپانیاکان و شوێنە پیشەسازییەکان و پڕۆژەکانی مۆڵەتپێدراو لەلایەن دەستەی وەبەرهێنان ڕێژەکەی بەرزکراوەتەوە بۆ 135 دینار.
ئاماژەشیداوە، لە ماوەی شەڕی داعش و هاتنی ئاوارەکان، بەکارهێنانی کارەبا زیادی کردووە، ئەمەش وایکردووە کۆی خەرجیی کارەبای کوردستان ساڵانە لەسەرووی (3) ملیار دۆلارەوە بێت، بەڵام داهاتەکەی تەنیا (300) ملیۆن دۆلارە، ئەمەش تەنیا بەشی تێچووی بەکاربردنی وەزارەتی کارەبا دەکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا پێشنیازکراوە، لە ئایندەدا بەرهەمهێنان و دابەشکردن و فرۆشتنی کارەبا بدرێتە کەرتی تایبەت، تەنیا گواستنەوەی کارەبا لە لایەن حکومەت بمێنێتەوە و ئەو گرێبەستەی کە لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی کارەبا کراوە پێداچوونەوەی پێدا بکرێت.
ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، چاودێری وەزارەتی کارەبا لەسەر (صیانە)کردنەوەی وێستگەکانی کارەبا، بەهۆی قەیرانی دارایی کەمبۆتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی کارەبادا ئەوەش ئاشکراکراوە، لەساڵانی ڕابردوودا تەمویلکردنی وێستگەکانی کارەبا بە گازوایل بارقورسییەکی ئێجگار زۆری لەسەر میزانییە دروستکردبوو، بەپێی داتا و زانیارییەکان تائێستا نزیکەی (12) ملیار دۆلار بۆ کڕینی گازوایل بۆ کارەبا خەرجکراوە، لەکاتێکدا دەتوانرێت لە ڕێگای گازی سروشتی بە مەبلەغێکی کەم کارەبای پێویست دابینبکرێت.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، وەزارەتی کارەبا لە باشترین حاڵەتدا توانای بەرهەمهێنانی 3 هەزار مێگاوات کارەبای هەیه و له و ڕێژەیەش تەنیا 8%ی کارەبای هەرێمی کوردستان لە لایەن بەنداوی دوکان و دەربەندیخان کە 300 مێگاوات کارەبایە بەرهەم دەهێنرێت و 2 هەزار و 700 مێگاواتەکەی تر واتە لە 92%ی بەرهەمی کارەبا لە لایەن کەرتی تایبەتەوە بەرهەمدەهێنرێت.
لای خۆیەوە محەمەد ئەمین هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند ئه و کارەبایەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت بەهۆی نەبوونی پێوەری زیرەک و نەبوونی هۆشیاری و زیادەڕەوی لە 30% بەفیڕۆدەچێت.
ئاشکراشیکرد، وەزارەتی کارەبا لە ئێستادا ملیۆنێک و 400 هەزار هاوبەشی هەیه و لە 75%ی خەرجییەکانی کارەباش لە ئەستۆی حکومەته و لە 25%ی لە ئەستۆی هاوڵاتیانه و پارەیان لێوەردەگیرێت.
وتەبێژی کارەبای هەرێم، وتیشی بەپێی گرێبەستی نوێی نێوان وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بڕی پارەی یەک مێگاوات کارەبا لە یەک سەعاتدا 32 دۆلار ڕادەوەستێت.
ئەوەشی خستەڕوو، جگە له و 300 مێگاوات کارەبایەی کە لە وێستگەکانی دوکان و دەربەندیخان بەرهەمدەهێنرێت حکومەت مانگانە 2 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار دەدات بە کۆمپانیاکان.
18-05-2017