دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
لە ساڵی2016دا لە سێ پارێزگای هەرێم 239 پیاو ژنی دووەمیان هێناوەو ڕاهێنەرێکی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانیش ڕایدەگەیەنێت، هێنانی ژنی دووەم لە هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
کوردستان ڕەسول، ڕاهێنەر لەرێکخراوی وادی ئەڵمانی بە دواڕۆژی ڕاگەیاندبەپێی پرۆژەی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی کەتاوەکو ئێستا لەگوند و ناحیەکانی دەڤەری هەولێر بەردەوامە، لە ناحیەی بەحرکە و کەسنەزان و قوشەتەپە، لەکاتی دەستپێکردنی پرۆژەکە هەڵمەتێکی هۆشیارییان دەستپێکردووە بۆمان دەرکەتووە توندوتیژییەکان دژ بە ژنان بەردەوامە.
کوردستان ڕەسوڵ، ئاماژەی بەوەشکرد بێکاری کاریگەریی زۆر بووە لەسەر ژنان و لێکتێنەگەیشتنی نێوان ژن و مێرد کێشەی زۆری لەناو خێزان دروستکردووە، چونکە کاتێک سەردانی گوندەکان دەکەین پیاوەکان پێمان دەڵێن ژنەکان شارەزا نەکەن لەمافەکانی خۆیان، چونکە ئەگەر شارەزا بن داوای مافی خۆیان دەکەن و ناتوانین بەیەکەوە بژین لەبەرئەوەی ئێستا بەوەوە دەژین کە مافەکانیان دەخۆین و دەنگ ناکەن.
بەپێی ئامارێکی دادگای بەرایی هەولێر لەساڵی2016، لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک 239 پیاو ژنی دووەمیان هێناوە کە بەشێکیان بەبێ ئاگاداری ژنەکانیان پرۆسەکەیان ئەنجامداوە، لەوبارەیەوە ڕاهێنەرەکەی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی ئەوەی خستەڕوو هێنانی ژنی دووەم بۆتە دیاردە بەتایبەت لەناو پیاوانی کورد ڕوویان لە هێنانی ژنی عەرەب کردووەو ڕێژەکەش ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە بە بەراورد بە ساڵانی 2014-2015 کە بە هەردوو ساڵەکە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 پیاو ژنی دووەمیان هێناوە، بەڵام لە2016 ئەو ڕێژەیە بەرز بۆتەوە بۆ نزیکەی 240 پیاو کە ژنی دوومیان هێناوە.
ئاماژەی بەوەشکرد بەشێک لەو پیاوانەی کە ژنی دووەم دەهێنن لەلایەن خێزانەکانیانەوە ڕێگەیان پێنادرێت، بۆیە پیاوەکانیش دەرۆن لە داگاکانی کەرکووک و پردێ و مەخمور پرۆسەی مارە بڕین بۆ ژنی دووەم ئەنجام دەدەن و پرسیش بە ژنەکانیان ناکەن، زۆرجاریش کە ژنی یەکەمی بە کارەکە دەزانێ، پیاوەکەی ژنی بەسەر هێناوە کێشە دروست دەبێت و داوای جیابوونەوە دەکات.
19-05-2017