دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
راپۆرتێکی وەزارەتی پلاندانان، ئاشکرایدەکات، بەهۆی ئەنجامدانی ڕێوشوێنەکانی چاکسازی لە بواری دارایی و ئابووری، داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان 20 ملیار دینار زیادیکردووە.
لە ڕاپۆرتێکی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە بارەی هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانی دەسپێکردنی پڕۆسەی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی یەک ساڵدا بە هاوکاری بانکی نێودەوڵەتی بڵاوکراوەتەوه، وێنەیەکی دەست دواڕۆژ کەوتووه و ئاماژەبەوەکراوە، داهاتی ناوخۆ لە سەرتاسەری هەرێم مانگانە نزیکەی لە سنووری (150) ملیار دینارە کە پێکدێت لە (گومرگ، باج، پارەی کارەبا و ئاو، سەرپێچی هاتوچۆ و ڕسوماتی دیکەی جۆراوجۆر) کە بەشێکی بە نەقدی دێت و بەشەکەی دیکەی بەشێوەی چەک و قەرزە.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئه و وەزارەتە داهاتی ناوخۆ لە 130 ملیار دینارەوە بۆتە 150 ملیار و داهاتی ناوخۆش ناچێتە سەر موچە و بۆ بواری بەکاربردن بەکاردێت، وەک: نەسریەی گشتی فەرمانگەکان، کرێی خانوو و بەشەناوخۆییەکان و سەیارە، ئێشکگری، کرێی وانەوتنەوە، پاککردنەوەی شارەکان، چاپی کتێب، کاری زیادە، کرێی تاقیکردنەوە، کڕینی دەرمان، هێڵی ئینتەرنێت، خواردنی نەخۆشخانە و گرتووخانەکان، کلۆری ئاو و...هتد.
وەزارەتی پلاندانان ئاشکراشیکردووە، لە ماوەی یەک ساڵدا چەندین کۆبوونەوە و کۆنفرانسی تایبەت ئەنجامدراوە بۆ چاکسازی لە بواری ئابووری و دارایی لەگەڵ دەستکردن بە داڕشتنی ستراتیژیەتی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە ماوەی 4 ساڵدا.
وەزارەتی پلاندانان، ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەو بڕیارانەی کە پەیوەستن بە دەستەبەرکردنی داهات بۆ موچە و بەڕێوەبردنی حکومەت و وەزارەتی داراییش لە سەری ڕەزامەندی دابوو، وەک زیادکرنی ڕسومات و کرێی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، بەهۆیەوە توانراوە داهاتێکی باش بۆ حکومەت دەستەبەربکرێت، جگە لە زیادکردنی باج لەسەر چەندان کەلوپەل و کاڵای جۆراوجۆر و خواردەمەنی هاوردەکراو.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە لەیەک ساڵدا توانراوە ڕێنمایی نوێ دەربکرێت لە بارەی وەرگرتنی پارەی ڕێگا بۆ ئۆتۆمبێلی ناوخۆیی و ئێرانی و تورکی کە لە دەرەوە دێن، جگە لەوەش توانراوە پێداچوونەوە بەو گرێبەستانەشدا بکرێت کە لەگەڵ کۆمپانیا جۆرا و جۆرەکانی بواری خزمەتگوزاری گشتی و تەلەفۆن و ئینتەرنێت و گواستنەوه و گەیاندن ئەنجامدراوە.
وەزارەتی پلاندانان ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەکاتی دەستپێکردن بە پڕۆسەکە لیژنەیەکی تایبەتمەند پێکهێنرا بۆ دیراسەکردنی کێشەی باج و ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای هەموارکردن بۆ ئەو یاسایانەی (اعفائات)ی باجی زۆریان داوە، تاوەکو ئێستاش توانراوە گۆڕانکاری لە سیستمی وەرگرتنی باجدا بکرێت.
راپۆرتەکە، دەشڵێت ڕێنمایی نوێ دەرکراوە بۆ زیادکردنی نرخی زەوی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکانی گەشەپێدانی پیشەسازی و زیادکردنی نرخی زەوی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، لەگەڵ زیادکردنی ڕسوماتی هۆتێل، مۆتێل، چێشتخانە و هەموو شوێنە بازرگانی و گشتییەکان.
18-05-2017