سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە 25ی ئەپریل هێزی ئاسمانیی تورکیا زۆر بێڕەحمانە هێرشیان کردە سەر هەرێمی کوردستانی باشوور و کوردستانی ڕۆژئاوا کە لە ئەنجامدا کۆمەڵیک شەڕڤان و پێشمەرگە گیانیان بەختکرد.
ئەم کردەوە جینایەتکارانەیە لە کاتێکدایە کە پێشمەرگەو شەڕڤان لە گەڵ جەنایتکارانی داعش لە شەڕێکی سەخت و نایەکساندان و ئەوە سێ ساڵە دەورونەقش و کاریگەرییان لە بەرانبەر داعش دا وێردی زمانی هەموو دونیایەو گەلێک شانازییان بۆمروڤایەتی خۆڵقاندوە. ڕژیمی تورکیا چاوی بە سەرکەوتنەکانی خەڵکی کوردستان بەتایبەت لە باشوورو ڕۆژئاوا هەڵنایەو هەوڵ دەدا بە هێرشی دڕندانەی بۆ سەر کوردستان هاوئاهەنگی لەگەڵ داعش بکات و بزاوتی کوردستان تووشی گرفت بێنێ و ورە بە هێزە سەرکوتکەرەکەی ببەخشێ و پێیوایە بەم شێوەیە کە دەیان جار تاقی کراوەتەوەو سوواوە، دەتوانێ ئەو دەسکەوتانەی کە لە ئەنجامی خەبات و بەرخۆدانی خەڵکی کوردستان لە باشوور و ڕۆژئاوا بە دەستهاتووە لەبار بەڕێ و، دیسانەوە خەلافەتی کۆنی عوسمانی زیندوو بکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە ئەم هێرشە دەریدەخات کە پێویستە بزوتنەوەی کوردستان لە ڕۆژئاوا و باشور بۆ یەکگرتوویی هەوڵبدەن. ئەم کردەوەی تورکیا بیانوو بۆ ئێرانیش دەخوڵقێنێ کە دەستوەردانەکانی لە باشور و ڕۆژئاوا زیاتر بکات، بە تایبەتی ڕۆژئاوای کوردستان پێویستە لە هەموو کات زۆرتر بۆ تەبایی ناوخۆیی هێزە سیاسیەکان هەوڵ بدات.
ئێمە وێڕای مەحکومکردنی ئەم کردەوەی تورکیا پشتیوانی خومان بۆ خەڵک و خەباتکارانی کوردستان لە بەرانبەر ئەو هێڕشە دڕندانەدا لە ڕۆژئاواو باشوور دەردەبڕین و سەری ڕێز بۆ گیانبەختکردوان دادەنەوێنین و لە بنەماڵەکانیان و لە خەڵکی خۆراگر و خەباتکاری کوردستانی باشوور و ڕۆژئاوا سەرەخۆشی دەکەین.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
26-04-2017