دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
وتەبێژی #وەزارەتی خوێندنی باڵا# ڕایدەگەیەنێت، بڕی (522،480) هەزار دۆلار وەک قۆناخی سێیەم و چوارەمی شایستەی دارایی خوێندکارانی بەرنامەی تواناسازی خەرجکراوه و بەسیستمی بانکی ڕەوانەی زانکۆ پەیوەندیدارەکان کراوە.
عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی ئایاری 2017، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند دوای ئەوەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجکردنی بڕی (30) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانی بەرنامەی تواناسازی، بۆ ئەم مەبەستە لێژنەی دابەشکردنی شایستە داراییەکانی خوێندکارانی بەرنامەی تواناسازی بڕیاریدا بە خەرجکردنی قۆناخی سێیەم و چوارەمی شایستەی دارایی خوێندکارانی بەرنامەی تواناسازی کە بەسیستمی بانکی ڕەوانەی زانکۆ پەیوەندیدارەکان کرا.
وتیشی قۆناخی سێیەم و چوارەمی شایستەی دارایی خوێندکارانی بەرنامەی تواناسازی بڕەکەی بریتیە لە (522،480) هەزار دۆلار، بۆ ئەوەش بڕە پارەکە بە دوو قۆناغ خەرج دەکرێت: قۆناخی سێیەم بڕەکەی بریتیە لە (315،893) دۆلاری ئەمریکی و تیایدا (13) خوێندکاری بەرنامەی تواناسازی لە هەریەک لە زانکۆکانی (ئەمریکا – بەریتانیا – ئوستورالیا – کەنەدا و ئەڵمانیا) سودمەند دەبن، هەروەک قۆناخی چوارەمیش بڕەکەی بریتییە لە (206،587) دۆلاری ئەمریکی، تیایدا (12) خوێندکاری بەرنامەی تواناسازی لە هەریەک لە زانکۆکانی لە (ئەمریکا و ئوستورالیا) سودمەند دەبن.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ڕوونیدەکاتەوە لە قۆناخی یەکەم و دووەمدا بەجیا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕی (1،930،118) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ (111) خوێندکاری بەرنامەی تواناسازی لە زانکۆ جیاکانی وڵاتانی (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئوستورالیا) خەرجکرد، کە کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی تائێستا خەرجکراوە بریتیە لە (2،452،598) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی کە (136) خوێندکاری بەرنامەی تواناسازی لە وڵاتە جیاکان سودمەندبون.
لە 6ی ئازاری 2017، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجکردنی بڕی (30) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانی بەرنامەی تواناسازی، بەتایبەت ئەوانەی ئێستا لە پڕۆسەی خوێندندان، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی خوێندکارانی بەرنامەی تواناسازی، بەسەرۆکایەتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا بڕیاریدا بە قۆناغ پارەکە دابەشبکرێت.
21-05-2017