گەلی کوردستانی خۆڕاگر...
هێزو لایەنه سیاسییەکانی کوردستان...
له و کاتەی گەلی کوردستان لەهەموو لایەکەوە لەبەردەم هەڕەشەی گەورەدایە بەهۆی قەیران و شەڕەوە ژیانێکی سەخت و دژوار بەرێدەکات، لەهەمان کاتدا هێزەکانی پێشمەرگە و شەرڤانان لەشەڕێکی قورسدان لەدژی تاقمی تیرۆریستی داعش، لەم بارەیەوە لەباشوور و ڕۆژئاوای وڵات سەرکەوتنی گەورە بەدەست هاتوون و پشتیوانیەکی نێودەوڵەتی له و هێزانە دەکرێ و له ڕووی دپلۆماسيیەوە کورد بە ئاستێکی بەرز گەیشتووه و خەریکە هەنگاوەکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی نزیک دەبنەوە، بەداخەوە بەرەبەیانی ڕۆژی #03-03-2017# شەڕ و پێکدادان لە شارەدێی خانەسۆری سەر بەناحیەی سنونێی قەزای شنگال لەنێوان پێشمەرگەکانی ڕۆژئاوا و یەبەشە و یەژەشە ڕوویدا، ئەم شەڕە جگە لەماڵوێرانی کورد هیچی دیکەی بەدواوە نایەت و ئه و لایەنانەی لەم شەڕە قازانج دەکەن تەنیا داگیرکەران و دوژمنانی کوردستانن.
نەتەوەکەمان زەرەری زۆری لە شەڕی خۆکوژی و براکوژی کردووە، بۆیە بەهەموو شێوەیەک دەبێ ڕێگەی لێبگیرێ و داوا لەهەموو حیزب و لایەنەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین و هەموو هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ ڕێگرتن لەشەڕی براکوژی لەبەر ئەوەی ئه و شەڕە جگە له بەهەدەردانی خوێن و توانای کورد هیچی دیکەی لێوە بەرهەم نایەت.
ئێمە لە یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK ئەم پێکدادنەی نێوان لایەنە کوردییەکان شەرمەزار دەکەین و شەڕی براکوژی لەخۆمان هەموو تاکێکی کورد و لایەنە سیاسییەکان حەرامدەکەین و بانگ لە لایەنەکان دەکەین دەستبەجێ:
شەڕ و پێکدادانەکان بوەستێنرێ و هێزەکان بگەرێنەوە شوێنی خۆیان.
هەموو لایەنەکان ئارامبن و ڕەوشەکە ئاسایی بکەنەوه و خۆ لە توندو تیژی بەرامبەر یەکتری بەدوور بگرن.
ڕێگەنەدەن شەڕی براکوژی لەنێوان لایەنەکان بەقازانجی داگیرکەرانی کوردستان تەشەنە بکات و خوێنی ڕۆلەی کورد بەدەستی کورد برژێ.
گەڕانەوەی لایەنە بەشدارەکانی شەڕ بۆ سەر مێزی گفتۆگۆ و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان بەرێگەی ئاشتی و برایەتی.
بەزووترین کات کۆبوونەوەیەکی فراوانی لایەنەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان سازبکرێ بۆ خۆ دوورگرتن لەگرژی و ئاڵۆزییەکان و دۆزینەوەی ڕێگە چارە بۆ هەموو کێشەکان.
- نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی کوردستان.
- نەفرەت لەشەڕی براکوژی و دوژمنانی کورد و کوردستان.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
03-03-2017 هەولێر- باشووری کوردستان