وەک ئاشکرایە گەلی کورد، بەدرێژایی مێژوو ڕووبەڕووی هێرشی داگیرکاران بۆتەوە، لەئەنجامدا، خاکی کوردستان چەندین جار ڕووبەڕووی پارچە پارچەبوون بووەتەوە.
لەدرێژەی ئەو داگیرکاریانەدا چەندین جار گەلی کورد و سەرکردەکانی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی و تیرۆر و دەستگیرکردن بوونەتەوە، چەندان سەرکردەی وەک قازی محەمەدو شێخ مەحمود، تا ئەوەی گەیشت بەگەلەکۆمەیە نێودەوڵەتیەکەی دژ بە بەڕێز ئۆجەلان و بەڕێزیان 18 ساڵ لەمەوبەر دەستگیرکراو تائێستاش لە زیندانی تاکە کەسیدا بەرخودانی بێ وێنەی ئەنجامداوە، هەروەها گەلی کورد ئێستاش هەر پلانگێڕیی لەسەر بەڕێوە دەچێت، نموونەی ئەمەش شەڕی داعشە کە خۆشبەختانە گەلی کورد لەبەرامبەر شەڕی داعشدا هەم لەباشوورو هەمیش لەڕۆژئاوا، یەک ڕیزیی خۆیان پاراستووە، ئەمەش بۆ گەلی کورد جێگای هیوا بوو، لەبەرامبەر ئەم شەڕە نەگریسەشدا پێشەنگیی ژنان بۆتە شانازیەکی تر لەخەبات و بەرخودانی گەلی کورد، کە لەجیهاندا لاپەڕەیەکی تری سەروەری تۆمارکردو هەموو جیهان شانازیان بەم پێشەنگایەتیەی ژنان کرد.
ئێمە وەک بەشێک لەڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەباشووری کوردستان پاڵپشتی خۆمان بۆ بەرخودان و خەباتی ڕەوای گەلی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان دووپات دەکەینەوە.
لەکاتێکدا لەدوای تێپەڕبوونی 18 ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی بەرێز ئۆجەلان، ئەو گەلەکۆمەکییە نێودەوڵەتیە شەرمەزار ئەکەین، لەهەمان کاتدا ئێمە بەڕێز ئۆجەلان و فکرو فەلسەفەکەی بەمایەی ژیان دەبینین، هەر وەک چۆن سەرکردەکانی تری وەک قازی محەمەدو ئیبراهیم ئەحمەدو چەندان سەرکردەی تر کە بوونەتە جێی شانازی بۆ گەلەکەمان، بەهەمان شێوەش فکرو فەلسەفەی بەڕێز ئۆجەلان موڵکی هەموو گەلی کوردە.
لەرابردوودا داگیرکەران هەر بەگرتن و تیرۆرکردنی سەرکردەکان نەوەستاون، ئەوەتا لە باکوری کوردستان هەر لەهەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کوردن، بەڕەشبگیرکردنی سەدان سیاسەتمەدارو پەرلەمانتارو سەرۆک شارەوانیەکان کە نوێنەرایەتی گەلی کوردیان لەباکوور دەکرد.
ئێمە لەباشوور ئەو هەوڵانەی داگیرکەرانی کورد شەرمەزار دەکەین، لەهەمانکاتدا پاڵپشتیی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لەهەر چوار پارچەی کوردستان.
لەکۆتایدا بۆ پێشگرتن لەو مەترسیانەی سەر گەلی کورد کە لەئارادایە، بەپێویستی دەزانین هەوڵی جدی بدرێت بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و داوا لەهەموو تاکێکی کوردو لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین، کە بە ئەرکی مێژوویی و نەتەوەیی خۆیان هەڵبستن تاوەکو کۆنگرە ئەنجام بدرێت.
18-02-2017
ئەنستتیوتی وۆرک بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی
رێکخراوی فیوچەر
#ڕێکخراوی ژنانی ئازادی#
#یەکێتی ژنانی کوردستان#
ژنانی #بزووتنەوەی گۆڕان#
چالاکوانی سیاسی ڕۆژهەڵات
کۆنگرەی ستار
فیدراسیۆنی ژن
خانمانی ڕانیە
چەند نووسەرو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێکی ژنان